ئەمەریکا پشتیوانی لە ئاساییکردنەوەو سەقامگیری شنگال دەکات

دیداری باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ شاندی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان
دیداری باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ شاندی کۆمەڵگەی ئێزدییەکان

K24 - هەولیر

ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵگەی ئێزی کۆبووە و پشتیوانی خۆیی بۆ ئاساییکردنەوە دۆخی شنگال و سەقامگیری ناوچەکە دەربڕی. راشیگەیاند، پشتیوانی لە رزگاربووانی دەستی داعش دەکەن بۆ ئەوەی جارێکی دیکە تاوانی کۆمەڵکوژی دووربارە نەبێتەوە.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە  تۆڕێ کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیەتی: "شانازی بەم کۆبوونەوە گرنگە دەکەم، لە کاتێکدا نزیک دەبینەوە لە دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکان، لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەکان کاردەکەین بۆ یادکردنەوەی ئەو بۆنەیە، هەروەها پشتیوانی رزگاربووان دەکەین بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی جارێکی دیکە ئەو جۆرە تاوانانە دووبارە نەبنەوە".

هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بڵاویکردووەتەوە، رۆمانۆوسکی پشتیوانییەکانی وڵاتەکەی بۆ شاندەکەی کۆمەڵگەی ئێزدی دەربڕیوە بۆ چارەسەری ریشەیی و درێژخایەنی پرسی ئاوارەکانی شنگال و سەقامگیری شارۆچکەکە.

رۆژی (9ـی ئۆکتۆبەری 2020) رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق لە بەغدا واژۆكرا، کە خۆی لەم شەش خاڵە سەرەکییە دەیبینێتەوە:

1.هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2.حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3.دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4.كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5.هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6.هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.

لەدوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ و شەش مانگ بەسەر رێککەوتنەکە، نەک حکومەتی عێراق هیچ یەکێک لە خاڵەکانی رێککەوتنەکەی جێبەجێ نەکردووە، بەڵکو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و وەزارەتی پەروەردەی عێراق بە بڕیاری داخستنی کەمپەکان و داخستنی قوتابخانەکانی سەر بە پەروەردەی عێراق لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان هەوڵی بەزۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەدەن.

Fly Erbil Advertisment