ژمارەیەک کۆنگرێسمان داوا لە بایدن دەکەن هیچ لێخۆشبوونێک بۆ ئێران دەرنەکات

K24 - هەولێر
ژمارەیەک کۆنگرێسمانی کۆمارییەکان داوا لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دەکەن، هیچ لێخۆشبوونێک بۆ سزاکانی سەر ئێران دەنەکات بۆ ئەوەی نەتوانێت پارە بلۆککراوەکانی لە عێراق وەرگرێتەوە یان بۆ عومانیان بگوازێتەوە.
پێگەی واشنتن فری بیکن ناوەڕۆکی نامەیەکی چوار کۆنگرێسمانی کۆمارییەکانی بڵاوکردووەتەوە، کە ئاراستەی هەر یەک لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەو جانێت یێڵن، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکایان کردووەو نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە، لەوەی ئیدارەی بایدن لێخۆشبوونی سزاکانی سەر ئێران پهسهند بكات.
هەروەها داوایان له ئیدارهی بایدن کردووە، زانیاریان پێبدات لهبارهی ئهو پارانهی ئێران لە دوای پەسەندکردنی لێخۆشبوونەکان دهستی دەکەوێتەوە، هاوکات داواشیانکردووە، نابێت رەزامەندی لەسەر گواستنەوەی قەرزەکانی ئێران لە عێراقەوە بۆ سەڵتەنەی عومان بدرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە ساڵی رابردوو دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا واژۆی لەسەر لابردنی چهند سزایهكی سەر ئێران کرد، بە گوێرەی بڕیارە رێگە بە عێراق دەدرێت زیاتر لە 10 ملیار دۆلار پارەی کڕینی کارەبا بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە، ئەگەر بایدن ماوەی سزاکە درێژ نەکاتەوە، ئەوە عێراق ناچارە لەم مانگە قەرزەکە بەکاش بۆ ئێران بگەڕێنێتەوە.