ئەمەریکا هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئاژانسی ئۆنروا تا ساڵی 2025 ڕاگرت

K24 - هەولێر
دوو سەرچاوە ڕایانگەیاند، سەرکردەکانی کۆنگرێسی ئەمەریکا و کۆشکی سپی لەسەر ڕەشنووسی یاسایەک ڕێککەوتن لەسەر پاکێجێکی گەورەی دارایی بۆ سوپا و وەزارەتی دەرەوە و کۆمەڵێک بەرنامەی دیکەی حکومەت، بەردەوام دەبێت لە ڕێگریی لە پارەدارکردنی ئەمەریکا بۆ دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەڵەستین"ئۆنروا" تا مانگی ئاداری 2025.
لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕاگرتنی هاوکاری دارایی بۆ ئاژانسی ئۆنروا ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل، 12 کارمەندی ئاژانسەکەی تۆمەتبار کرد بە بەشداریکردن لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 کە لەلایەن حەماسەوە دەستی پێکرد.
ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو یاساییەکی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی هاوکاری دارایی بە ئۆنروا، کە بەشێک بوو لە پاکێجی هاوکاریی 95 ملیار دۆلارەکەی ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان. یاساکە هێشتا چاوەڕوانی پەسەندکردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.
داکۆکیکارانی یارمەتییەکان هەوڵدەدەن بودجەکە بۆ ئاژانسەکە بگەڕێننەوە، و داوا لە واشنتن دەکەن پشتگیری لە ئۆنروا بکات لە کاتێکدا گروپەکانی فریاگوزاری کاردەکەن بۆ ڕێگریی لە برسێتییەکی مەترسیدار لە غەززە.
ئەو دوو سەرچاوە ئاگادارە لە ڕێککەوتنەکە ڕایانگەیاندووە، کە بودجەکە بۆ ماوەی ساڵێک ڕاگیراوە، هەروەها وردەکارییەکانی هەوڵە بەدیلەکان بۆ پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی بۆ فەڵەستینییەکان لە غەززە دوای بڵاوبوونەوەی یاساکە تاوتوێ دەکرێن.