بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی زاخۆ: زیانلێکەوتووانی لافاوەکە قەرەبوو دەکرێنەوە

قاسم عەونی. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی زاخۆ
قاسم عەونی. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی زاخۆ

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی زاخۆ ڕایگەیاند، لەلایەن سەرۆک بارزانییەوە زیانلێکەوتووان بە بڕێک پارە قەرەبوو دەکرێنەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئاداری 2024، قاسم عەونی، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی زاخۆ بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ لەگەڵ لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران لەگەڵ بەرگریی شارستانیی و لیژنەی قایمقامی زاخۆ پێک هێنا بۆ بەدواداچوونی بابەتی زیانلێکەوتووانی زاخۆ، کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بە هۆی لافاوەوە ماڵەکانیان زیانیان لێ کەوتووە.

بەگوتەی ئەو: "بە زووترین کات و بەکورترین ماوە زیاتر 150 ماڵ قەرەبوو دەکەینەوە و هەوڵدەدەین لە نزیکیشەوە بزانین چەند زیانیان بەرکەوتووە و ناویان تۆمار دەکەین. دوای ئەوەی مەنسوور بارزانی، فەرماندەی لەشکری تایبەت سەردانی زاخۆی کرد، بڕێکی زۆری پارە لە لایەن سەرۆک بارزانی بۆ زیانلێکەوتوانی لافاوەکە دابین کراوە، لەگەڵ 200 لیتر نەوت لەلایەن سەرۆکی حکوومەتەوە دابین کراوە. هەروەها لەگەڵ بڕێک خواردەمەنی بۆ ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کە ئەمڕۆ بەسەر زیانلێکەوتوواندا دابەش دەکرێت".

قاسم عەونی دەشڵێت: "ئێمە وەکو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئامادەکاریمان بۆ ئەم زیانە کردبوو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی ئەڵمانیا بەهەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هاوبەشیی قەیرانەکان بۆ ئەوەی بتوانین هاوکاریی ئەو زیانلێکەوتووانانە بە کەرەستەی ناو ماڵ بکەین وەک؛ بەتانی، دۆشەک، خواردەمەنی..هتد".

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە، 19-03-2024، شەپۆلێکی بارانی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر پارێزگای دهۆک بووە. بەهۆی بارانەکەوە، تا ئێستە سێ کەس خنکاون لە چەند گەڕەکێکی شارەکە لافاو هەڵساوە، ئاو چووەتە ناو ژمارەیەک خانوو و بەشێک لە ڕێگاکانیش بەڕووی شۆفێراندا داخراون.

لای خۆیەوە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکەوە کرد و داوای کرد "ئەوەی پێویست بێت بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە زووترین کاتدا بکرێت".

Fly Erbil Advertisment