عەلی سەعید: 902 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان ماون

K24 - هەولێر

902 هەزار ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان ماون و زۆربەشیان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.

ئەمڕۆ دووشەممە، 25ـی ئاداری 2024، عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاریی لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی گەشتێکی هەواڵی کوردستان24 ڕایگەیاند، لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 630 هەزار کەس وەکو ئاوارەی ناوخۆی عێراق تۆمار کراون. لەو ژمارەیە 158 هەزارییان لەناو کەمپەکان دەژین کە ژمارەیان 24 کەمپە، شەش کەمپ لە پارێزگای هەولێر و 15 کەمپ لە پارێزگای دهۆک و یەک کەمپیش لە پارێزگای سلێمانی بۆ ئاوارەکان دابین کراون.

بەگوتەی ئەو، "لەو ژمارەی کە باسمان کرد 30% کۆی گشتیی ئاوارەکان لە 24 کەمپدا دەژین و 70% ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین، لە شار و شارۆچکەکان لەگەڵ کۆمەڵگە خانەخوێیەکاندا."

عەلی سەعید گوتیشی: "بابەتی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دۆسییەیەکە کە هەر لەسەرەتاوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ناوخۆ و ناوەندی هاوبەشیی هەماهەنگیی قەیرانەکان بە هاوبەشیی لەگەڵ ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ لایەنی تایبەتی حکوومەتی فیدراڵ کە کاری لەسەر کردووە، دوای پرۆسەی ئازاد کردنی ئەو ناوچانەی کە کەوتنە بەر هێرشی گرووپی تیرۆرستی داعش، نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر هاتنە ناو هەرێمی کوردستان.

ئەو دەشڵێت: "بە کۆی گشتیی 58 کەمپ بۆ سەرجەم ئاوارەکان دیاری کران  بۆ ئەوەی قۆناغی یەکەم ئاوارەکان و لە قۆنا‌غی دووەمیشدا پەنابەرانی تێدا بحەوێنەوە؛ دواجار توانرا لەڕێگەی بەرنامە هاوبەشەکانی دەستپێشخەرییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن پەنابەر بگەڕێنەوە بۆ زێدی ڕەسەنی خۆیان ئەوەی ئێستا کە ماوەتەوە 630 هەزار کەس وەک ئاوارە لە هەرێمی کوردستان ماوەنەتەوە".

عەلی سەعید ڕاشیگەیاند، نزیکەی 230 هەزار کەس وەک پەنابەری سووری لە کوردستان هەن، بەکۆی گشتی ئاوارە و پەنابەرەکان 902 هەزار پەنابەرن تۆمار کراون، زۆرشیان لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەژین.

ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو تۆمەتانەی حکوومەتی عێراقی هەڵی دەبەسێت بۆ هەرێمی کوردستان، تۆمەتی بێبنەمان، بۆ هەموولایەک دیارە بەتایبەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ئەوانەی لەگەڵ تیمە هاوبەشەکانی ئێمە کار دەکەن، ئەو قسانەی حکوومەتی عێراقی هیچ بنەمایەکی نییە، ئێمە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچی "ئای ئۆ ئێم" لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران، و لەگەڵ سەرجەم ئەولایەنە پەیوەندیدارانەی کە لەنێو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتین لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، هەر لە سەرەتای 2014 تاکو ئێستا پڕرۆسەی گەڕانەوە بە هاوکاری و هاوبەشیی ئێمە دەستی پێکردووە .

Fly Erbil Advertisment