چاودێری بازرگانیی هەولێر دەست بەسەر 46 هەزار قوتووی شیری ماوەبەسەرچووی منداڵاندا دەگرێت

K24 – هەولێر:
تیمێکی چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەست بەسەر 46 هەزار قوتووی شیری منداڵاندا دەگرن، کە گومان دەکرێت ڕێکەوتی بەسەرچوونیان نوێ بکرێتەوە یان دووبارە لە قوتوونانی بۆ بکرێت و بخرێتە بازاڕەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، تیمێکی چاودێری بازرگانیی هەولێر، دوای گەڕان و پشکین، خاوەنی ئەو شوێنە دەستگیرکراوە و ڕووبەڕووی یاسای دەکەنەوە و دەست بەسەر شیرە بەسەرچووەکەشدا دەگرن.
لەلایەن خۆیەوە، هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر رایگەیاند: "لە گوندێکی نزیک شاری هەولێر، هەزار و 706 کارتۆن شیری بەسەرچوومان لە ماڵێک دۆزییەوە؛ لێکۆڵینەوەی بەردەوام دەکەین بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ئەم شیرە بۆ چ مەبەستێکی تر بەکاردێت، ئەو کەسەمان دەستگیر کردووە کە ئەم کارەی کردووە و لێکۆڵینەوەی بەردەوام دەکەین تاوەکوو دەگەین بە دەرئەنجام".
گوتیشی: "لە مانگی ڕەمەزان بەهۆی زۆریی خواستی هاووڵاتییان بۆ خواردن، کاری لیژنەکانمان چڕتر کردووەتەوە و بەردەوامین لە گەڕان لە شاری هەولێر؛ هەر لیژنەیەک لە سێ کەس پێک هاتوون و سەردانی هەموو شوێنێک دەکەن و زیاتر سەرنج لە ڕێکەوتی بەسەرچوون دەدەن. زۆر سوپاسی هاووڵاتییان دەکەین کە هاوکارمان بوونە و هیوادارین بەردەوام بن لە ئاگەدارکردنەوەمان لە هەر حاڵەتێکی لەمجۆرە".
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی بازاڕی هەولێر لە 15 ڕۆژی یەکەمی ڕەمەزان 800 سەردانیان ئەنجام داوە و 135 شوێنیان سزا داوە، پێنج شوێنیان داخستووە و دەستییان بەسەر 15 تۆن خۆراکی بەسەرچوودا گرتووە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان سەلامەتیی هاووڵاتییانی لەلا گرنگە و لە چاودێریی بازاڕ بەردەوام دەبێت؛ لە پێناو کەمکردنەوە و نەهێشتنی سەرپێچییەکان، سزای سەرپێچیکارانیش دەدات.