وەزارەتی ناوخۆ بەدواداچوون بۆ گرتەڤیدیۆیەکی سۆشیال میدیای کوردستان24 دەکات

وێنەی ماتۆڕسوارەکە لە سۆشیال میدیای کوردستان24
وێنەی ماتۆڕسوارەکە لە سۆشیال میدیای کوردستان24

K24 – هەولێر:

دوای ئەوەی سۆشیال میدیای کوردستان24 ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە ماتۆڕسوارێک بە خێراییەکی زۆر لەسەر شەقامێکی گشتیی خێرای شاری هەولێر، ماتۆڕسکیلەکەی لێدەخوڕێت و سەرکێشی بە ژیانییەوە دەکات، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد بۆ ناسینەوەی "ئەو سەرپێچیکارە".

رۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ڤیدیۆکەی سۆشیال میدیای کوردستان24ـی هاوبەشی پێکردووەتەوە و نووسیویەتی"لەگەڵ بینینی ئەم ڤیدیۆیە دەست کراوە بە لێکۆڵینەوە بۆ ناسینەوەی ئەو سەرپێچیکارە".

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەکردووە: "کۆمپانیا دیارەکانی گەیاندنی خواردن پێیان گوتین کە ئەو جۆرە ماتۆڕە و جلوبەرگ و بۆکسی گەیاندنە هی ئەوان نییە بەڵکو بەمانە دەگوترێت گەیەنەری ئازاد کە لە چێشتخانەکانی ناوشار کار دەکەن".

هێمن میرانی داواشی لە هاووڵاتییان کردووە: "هەر کەسێک زانیاری هەیە بۆ ناسینەوەی، ئاگاداری ئێمە یان نزیکترین بنکەی پۆلیسی هاتووچۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی یاسا بکرێتەوە".

هەروەها هێمن میرانی نووسیویەتی: "ئەم جۆرە سەرکێشییانە مەترسی بۆ سەر ژیانی کەسەکە و شۆفێرانی دیکەش دروست دەکات و لەکەس قەبوڵ ناکرێت".

رۆژی رۆژی سێشەممە (2ـی نیسانی 2024) سۆشیال میدیای کوردستان24 لە پەیجی سەرەکی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، گرتەڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە کارمەندێکی گەیاندنی خواردن لەسەر ماتۆڕسکیلەکەی پاڵکەوتووە و بەخێراییەکی زۆر لەسەر شەقامی خێرای 120 مەتری شاری هەولێر دەڕوات و ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بەدوای خۆیدا هێنا.

Fly Erbil Advertisment