وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی رەوانەکرد

مووچە
مووچە

K24 - هەولێر

وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، بە پشتبەستن بە دوایین بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، مووچەی هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی رەوانەکرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-04-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێکارەکانی وەزارەتی دارایی لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی، دوای جێبەجێکردنی سەرجەم مەرجە کارپێکراوەکان؛ بەشی ژمێریاری وەزارەت دەستیکرد بە دابینکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەرچەندە وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوەکەیدا بڕی ئەو پارەیەی ئاشکرا نەکردووە کە بۆ مووچەی مانگی شوباتی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانی ناردووە؛ بەڵام کوردستان24 زانیویەتی بڕی پارەکە 352 ملیار و 700 ملیۆن دینارە و خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.

لەبارەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادارایش (سێ)، محەممەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاریی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەمزووانە لەگەڵ گەیشتنی بڕی پارەی پێویست لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، دەست دەکەین بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، 28-03-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نزیکەی 599 ملیار دیناریان لە لقی هەولێی بانکی ناوەندیی عێراق وەرگرت بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا حکومەتی هەرێم، داوای 944 ملیار دیناری کردبوو.

هەمان رۆژ، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات (دوو)ـی بڵاوکردەوە. رۆژی شەممە، 30-03-2024، پڕۆسەی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، خانەنشینانی شارستانی و خاوەن پێداویستی تایبەت دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا پڕۆسەکە بەردەوامە.

دوای کۆبوونەوەی ڕۆژی (27ـی ئاداری 2024)ـی ئەنجوومەنی وەزیران کە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی ڕاسپارد بۆ دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات؛ وەزارەتی دارایی ڕۆژی (28ـی ئاداری 2024) لیستی دابەشکردنی مووچەی بڵاوکردەوە.

پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی ساڵی 2023 و 2024 و 2025 بە 12,67 ترلیۆن دینار دیاری کراوە، واتا لە کۆی 198 ترلیۆن دیناری بودجەی فیدراڵیی عێراق، بڕی 16 ترلیۆن دینار پشکی هەرێمی کوردستانە، بە داتا و ژمارە جگە لە کێشەی ناردنی مووچە، بەغدا کێشەی لە ناردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان کە بڕەکەی 276 ملیار دینارە و کرێی گواستنەوەی نەوت لە هەرێمی کوردستان کە بڕەکەی زیاتر لە ترلیۆنێک دینارە، دروست کردووە.

Fly Erbil Advertisment