2100 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی عێراق لە مین و پاشماوەی جەنگ پاکنەکراوەتەوە

K24 - هەولێر:
رێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی رایگەیاند، دوو هەزار و 100 کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی عێراق بە مین و پاشماوەی تەقەمەنی چێندراوە.
هیبە عەدنان، گوتەبێژی لیژنەی نێودەوڵەتیی رێکخراوی خاچی سوور لە عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، زیاتر لە دوو هەزار و 100 کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی عێراق بە مین و پاشماوەی تەقەمەنی چێندراوە و هێشتا پاکنەکراوەتەوە.
گوتەبێژی لیژنەی نێودوڵەتیی رێکخراوی خاچی سوور ئاشکرایکردووە، پارێزگای بەسرە یەکێکە لە سێ پیسترین شارەکانی جیهان لەرووی پیسبوونی خاکەکەی بە مین و پاشماوەی تەقەمەنی و بۆمب.
هەروەها هیبە عەدنان گووتیشی، 18 هەزار و 239 کە بەهۆی مین و پاشماوەکانی جەنگەوە بەشێکی جەستەیان لەدەستداوە، لە ناوەندی هەولێر بۆ بنیاتنانەوەی توانای جەستە تۆمارکراون.
هاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی دهستهی گشتی كاروباری مین لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دوو ساڵی رابردوودا (2022 و 2023)، کۆی گشتی رووبەری زهوی پاككراوە له مین گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 41 هەزار و 854 مەتر دووجا، کە 49 کێڵگە و پێنج شەڕگە پێکهاتووە.