کەشناسی: ئەمڕۆ و سبەی باران و هەورە بروسکە دەبێت

کەشوهەوا
کەشوهەوا

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتىی گشتىی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و ڕایدەگەینێت، ئەمڕۆ کەشوهەوا بە گشتى هەور و باراناوى دەبێت، بەهۆی کارییگەرییەکانیشەوە ئەگەری لێزمە بارانیش هەیە، بەڵام سبەی دووشەممە شەپۆلەکە فراوانتر دەبێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ یەکشەممە (7ی نیسانی 2024) لە ئەنجامى کاریگەرى ئەو نزمە پاڵە پەستۆىەی لە دەریاى سوورەوە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئاسمانى سەنتەرى پارێزگاکان و ناوچە شاخاویییەکان و تەواوى ناوچە جیاجیاکان هەورى تەواو دەبێت و لەگەڵ باران هەورە بروسکە.

پێشبینی دەکات بڕى باران لە سەنتەری پازێزگاکان 5 بۆ 10 ملم بێت و لە ناوچە شاخاویی و سنوورییەکانیش 8-15 ملم بێت.

هەروەها بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو خێرایى با بۆ سەرووى 25کم لە کاتژمێرێکدا زیاد دەکات، هاوکات بەهۆى ناجێگیرىی کەش و هەوا ئەگەرى دروست بوونى لێزمەبارانى لە ناکاو هەیە و پلەکانی گەرماش بە نزیکەی دوو تا چوار پلە نزم بێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

سەبارەت کەشوهەوای سبەی دووشەممە، بەشی پێشبینی ئاماژەی داوە بارانی بەردەوام دەبێت بە تایبەت لە کاتەکانى بەرەبەیان لە سنوورى پارێزگاى دهۆک و بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى باکوورى ڕۆژئاواى پارێزگاى هەولێر.

هەروەها بڕی بارینی پێشبینیکراو لە 8-14 ملم دەبێت، بەڵام لە کاتى لێزمەباران و هەورە بروسکە بڕەکە بۆ سەرووى 15 ملم دەگۆڕێت.

بە گوێرەی پێشبینییەکان کاریگەری شەپۆلەکە لە دوای نیوەڕۆی دووشەممە بۆ سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى ڕاپەڕین و سنوورى پاڕیزگاى سلێمانى و هەڵەبجەو درێژ دەبێتەوە، دواتر کاریگەرییەکانی شەپۆلەکە ڕوو لە سنوورى ئیدارەى گەرمیان و بەشێک لە پارێزگاى کرکووک دەکات، بەڵام لە ئێوارەى ڕۆژى دووشەممە تا ڕادەیەک کاریگەرییەکانی باران کەم دەبێتەوە زیاتر ئاسمان هەور و نیمچە هەور دەبێت .

Fly Erbil Advertisment