ئیسرائیل و ئێران لە ئاستی باڵا هەڕەشە لەیەكتر دەكەن

ئاڵاکانی ئیسرائیل و ئێران
ئاڵاکانی ئیسرائیل و ئێران

K24 – هەولێر:

ئیسرائیل و ئێران لە ئاستی باڵا هەڕەشە لەیەكتر دەكەن، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، "لە 7ـی ئۆكتۆبەرەوە بۆ هەموو جیهان روونبووەتەوە، ئێران لە پشت هەموو ئەو هێرشانەیە لە عێراق و سووریا و لوبنان و یەمەنەوە دەكرێنە سەرمان".

ئیسرائیل بۆ یەكەمجار و بە ئاشكرا رایدەگەیەنێت ئیران لە پشت هەموو ئەو هێرشانەوەیە دەكرێنە سەر وڵاتەكەی. بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە كۆبوونەوەی كابینەكەی جەنگی حكومەتەكەیدا دەڵێت: دوای 7ـی ئۆكتۆبەر بە ئێمە و هەموو جیهانیش روونبووەتەوە، ئێران لەرێگەی میلیشیاكانییەوە لە سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن هێرش دەكاتەسەر ئیسرائیل.

لەلای خۆیەوە محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، "ئەو کردەوانەی ئەوان سەلمێنەری ئەوەیە لە پاش ئۆپەراسیۆنی 7ـی ئۆکتۆبەر زانیویانە و هەستیان کردووە لە خاڵی کۆتایی و لەناوچوون نزیکبوونەوە، نەتەوەی ئێران لە دوای ئەم تاوانە رژێمی زایۆنیستی سزا دەدات، ئەم سزادانەش زۆر قورس دەبێت بۆ زۆر کەس دەبێتە ئەزموون، لەناوچوونی ئیسرائیلش خێراتر دەکات".

دووی ئەم مانگە لە هێرشێكدا بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئێران لە سووریا، فرۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل 7 راوێژكاری باڵای سوپای پاسداران كە 3یان فەرماندەی باڵا بوون كوشت. ئیسرائیل دەڵێت: ئەو فەرماندە سەربازییانە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای جیهادی ئیسلامی لە كۆبوونەوەدا بوون سەرقاڵی داڕشتنی پلانێك بوون بۆ هێرشكردنەسەر ئیسرائیل.

هێشتا نازانرێت وەڵامی ئێران چی دەبێت، شێوازی وەڵامدانەوەی ئێران قۆناغی داهاتووی رووبەرووبوونەوەكانی ئیسرائیل و ئێران دەستنیشان دەكات.

Fly Erbil Advertisment