جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە

بەرگری شارستانیی هەولێر: ئاگرەکەی ئەمجارە لە جاری پێشوو گەورەترە

سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر
سووتانی بازاڕی لەنگەی هەولێر

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک دوکان سووتاون و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش نەزانراوە.

کاروان میراودەلی، گوتەبێژی بەرگری شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی ئەمڕۆی بازاڕی لەنگە نزیک شوێنی ئاگرکەوتنەوەکەی جاری پێشووە و هۆکارەکەشی نەزانراوە، بەڵام ئەمجارە ئاگرکەوتنەوەکە لە جاری پێشوو فراوانترە و تیمەکانی بەرگری شارستانیی لە هەولێر لە هەوڵیی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدان.

بەگوێرەی زانیارییەکان نزیک کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ ئاگرەکە کەوتووەتەوە.

ئەمە سێیەمجارە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر دەکەوێتەوە، یەکەمجار لە بەرەبەیانی (25ی تشرینی یەکەمی 2018) ئاگرێکی فراوان لە بازاڕەکە کەوتەوە و سەرجەم دوکانەکانی بازاڕەکە سووتان کە ژمارەیان 2400 دوکان بوو.

 دووەمجاریش ئێوارەی سێشەممە (27ـی شوباتی 2024) ئاگر لە بازاڕی لەنگە کەوتەوەو بەهۆیەوە 166 دوکان سووتان و دوو کەسیش بە تۆمەتی ئاگرکەوتنەوەکە دەستگیرکران.

Fly Erbil Advertisment