نهێنی بەكارهێنانی كرێمی ڤازلین لە لایەن ئاندرێ ئۆنانا چییە؟

ئاندرێ ئۆنانا گۆڵپارێزی مان یونایتد لەكاتی بەكارهێنانی ڤازلین لە دەستكێشەكانی لە بەرامبەر لیڤەرپوول 7 نیسانی 2024 یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد
ئاندرێ ئۆنانا گۆڵپارێزی مان یونایتد لەكاتی بەكارهێنانی ڤازلین لە دەستكێشەكانی لە بەرامبەر لیڤەرپوول 7 نیسانی 2024 یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد

دوای یارییەكەی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول لە پرێمەرلیگ، لە سۆشیاڵ میدیا مشتومڕێكی زۆر لەبارەی ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێزی كامیرۆنی یانەی مان یونایتد دروست بوو، بەوپێیەی تەنیا لە نیوەی یەكەم ئەو گۆڵپارێزە بەرپەچی 15 لێدانی لیڤەرپوولی دایەوە، بەڵام دوو گۆڵپارێزی ئینگلیزی نهێنی ئاستە بەرزەكەی ئاندرێ ئۆنانا بۆ كرێمی ڤازلین دەگەڕێننەوە.
لە دوای تەواوبوونی نیوەی یەكەمی یاریی مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول، دەردەكەوێت ئۆنانا ماددەیەك لە دەستكێشەكانی دەدات، ئەمەش لە دوای دووبارەكردنەوەی دیمەنەكانی تەلەڤزیۆن، دەركەوتووە كە ئەو گۆڵپارێزەی مان یونایتد كرێمی ڤازلین بۆ توندكردن دەستكێش و مشتەكانی لە دەستكێشەكانی دەدات.
پێگەی زە ئاتڵێتیكی بەریتانیا لە بەدواداچوونێكدا نووسیویەتی: كەسانی نزیك لە ئۆنانا سەرەتا ڕەتیان كردەوە ئەو ماددەیەی ئۆنانا لە دەستكێشەكانی دەدات ڤازلین بێت، بەڵام دواتر دەركەوتووە ئەو گۆڵپارێزە ئەو ماددەیەی بۆ توندكردنی مشتەكانی بەكاری دێنێت، ڤازلینە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، ئاندرێ ئۆنانا كە ئەم وەرزە تاكە گۆڵپارێزە لە پرێمەرلیگ 120 لیدانی سەیڤ كردووە، یەكەمین گۆڵپارێز نییە ئەم ماددەیە بەكاربێنێت كە لە ماركە و بەرهەمەكانی ئەمریكایە، پێشتر بێن فۆستەری گۆڵپارێزی پێشووی یانەی مانچێستەر یونایتد هەمان ماددەی ڤازلینی بەكارهێناوە، تەنانەت ویڵسنی گۆڵپارێزی ئێستای یانەی كۆڤێنتری ئینگلیزی نایشارێتەوە ئەویش پێشتر ئەو كرێمەیەی لە دەستكێشەكانی داوە، بەڵام ویستوویانە ئەم كارە بەنهێنی بهێڵنەوە.
لەمبارەیەوە وێڵسن گۆڵپارێزی كۆڤێنتری دەڵێت: زۆربەی گۆڵپارێزەكانی ئێستا دەستكێشەكانیان بە ڤازلین چەور دەكەن، سەرەتا من باوەڕم بەم كارە نەدەكرد، ئامادە نەبووم ئەو كارە بكەم و دەستكێشەكانم تەڕ بكەم، تەنانەت مارتین مارتگێتسۆنی راهێنەرم لە یانەی كاردێف پێشنیاری ڤازلینی بۆ كردم بەڵام قبوڵم نەكرد.
ویلسن لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێت: جارێكیان كاسپەر شمایكلی گۆڵپارێزی دانیماركیم بینی، دڵنیای كردمەوە كە بەكارهێنانی ڤازلین بۆ مشتەكانی زۆر باشە، بۆیە لە مەشقەكان تاقیم كردەوە، هەستم كرد دەتوانم زۆر بەباشی تۆپەكان لە نێو مشتەكانم كۆنترۆڵ بكەم.
لە لایەكی دیكەیشەوە، فۆستەری گۆڵپارێزی پێشووی ئینگلیزی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات یەكەمین كەس كە بینیویەتی ئەو كارە بكات، جۆی هارت گۆڵپارێزی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگڵاند بوو لە مۆندیالی 2014 ڤازلینی بۆ دەستكێشەكانی بەكارهێناوە.
تەنانەت لە چاوپێكەوتنێكی میدیایی دا لە ساڵی 2022، كۆنێر ئۆكێفی راهێنەری گۆڵپارێزەكانی هەڵبژاردەی ئیننگڵاند لەمبارەیەوە دەڵێت: لە رێگەی كاسپەر شمایكڵ گۆڵپارێزی پێشووی لێستەر سیتی بەم تەكنیكی ڤازلینە ئاشنابووم، هەرچەندە پێشتر ئەم بابەتەم بیست بوو، بەڵام باوەڕم پێی نەبوو، پێموابوو كارێی بێسوود و بێمانایە، بەڵام دواتر كاتێك تاقیمان كردەوە بۆمان دەركەوت مشتەكانت بەهێزتر دەكات.

ئاندرێ ئۆنانا گۆڵپارێزی مان یونایتد لە كاتی بەكارهێنانی ڤازلین بەرامبەر لیڤەرپوول
ئاندرێ ئۆنانا گۆڵپارێزی مان یونایتد لە كاتی بەكارهێنانی ڤازلین بەرامبەر لیڤەرپوول

 

Fly Erbil Advertisment