بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.6 پلەی ڕیختەر پارێزگای تۆکاتی تورکیای هەژاند

K24 – هەولێر:
ئاژانسی کارەسات و بەڕێوەبردنی باری ناکاویی تورکیا (ئافاد) ڕایگەیاند، کاتژمێر 6:11 خولەک لە شارۆچکەی سولوسارای لە پارێزگای تۆکات بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 پلەی رێختەر ڕوویدا.
ئافاد ڕاشیگەیاند، بوومەلەرزەکە لە قوڵایی 5.99 کیلۆمەتر ڕوویداوە.
دوای بوومەلەرزەکە، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە تۆڕی كۆمهڵایهتی ئێکس ڕایگەیاند، پارێزگار و ئافادیان ڕاسپاردووە بۆ بەدواداچوون سەبارەت زیانە گیانی و ماددییەکانی بوومەلەرزەکە .
مێدیاکانی تورکیا لهم بارهیهوه ڕایانگەیاند، لە پارێزگای یۆزگات خانوویەک ڕووخاوە و 5 تەویلەی ئاژەڵان زیانیان پێ گەیشتووە جیا لەوە هیچ حاڵەتێکی مردن و برینداربوون نییە.
درەنگانی شەو دوو بوومەلەرزە بە گوڕەکانی 4.1 و 4.7 لەهەمان پارێزگا ڕوویان دابوو.
ههروهها بەرەبەیانی ڕۆژی 6ـی شوباتی 2023، دوو بوومەلەرزەی وێرانکەر بە گوڕەکانی 7.7 و 7.6 پلەی ڕێختهر تورکیا و باكووری كوردستان، ههروهها سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانیان ھەژاند و لە ھەرێمی کوردستانیش بەگوڕی 4.7 پلەی ڕێختهر ھەستی پێ کرا. بەهۆی بوومەلەرزەکان، هەزاران هاووڵاتی مردن و سەدان باڵەخانەش وێران بوون.