داوا لە هادی عامری دەکرێت کێشەی جووتیارانی کوردی سنووری کەرکووک چارەسەر بکات

K24 - هەولێر
دژوار فایەق، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی جێبەجێ کردنی ماددەی 140، داوا لە هادی عامری سەرۆکی لیژنەکە دەکات ڕێگری بکات لە سوپای عێراق کە دەستوەرنەداتە کارووباری جووتیارانی سنووری کەرکووک.
دژوار فایەق لە پەیامێکدا داوا لە هادی عامری دەکات و دەڵێت: تکایە لەگەڵ حکوومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری دەستوەردان بکەن بۆ ئەو دەستوەردانەی سوپا لە کاروباری جووتیارانی ناوچەکانی کەرکووک و دەورروبەری پردێ و دوبز.
دەشڵێت: وەک پێشتر لە کۆبوونەوەکانماندا ڕێککەوتبووین بۆ ڕێگریکردن لە دەستوەردانی سوپا دەستوەردان لە کێشەکانی زەوی کشتوکاڵیدا. وە بەڵێنی باشت پێداین کە ڕێگری لەم دەستوەردانانە دەکەیت.
دوو ڕۆژە وەرزی دروێنە لە پەڵکانە و سەرگەڕان لە سنووری دووز و گوندەکانی ساڵەیی سەر بە شارەدێی پردێ دەستی پێ کردووە، بەڵام وەک هەموو ساڵێکی ڕابردوو بە بڕیاری سوپای عێراق دروێنە لە جووتیارانی کورد قەدەغەکراوە و ڕێگریشیان لێ دەکرێت بچنە سەر زەوییەکانیان.
سوپای عێراق هۆشداری داوەتە جووتیاران و ئاگاداری کردوونەتەوە کە نابێت بەرهەمەکانیان دروێنە بکەن، ئەمەش جوتیارانی کوردی توڕە و نیگەران کردووە بۆ دهربڕینی ناڕهزایهتی له دژی ئهو بڕیارهی سوپای عێراق، جووتیارانی گوندی گهڵۆزی سنووری پردێ لە سەر ڕێگەی سەرەکیی کەرکووک – هەولێر گردبوونهوه و ڕایدهگهیهنن، ئەگەر ڕێگرییەکان بەردەوام بێت ئەوا هەڵوێستی دیکەیان دەبێت هەروا دەستەوەستان نابن.
تاوەکوو ئێستا سوپای عێراق ژمارەیەک جووتیاری کوردی لە ناوچەی ساڵەیی و چەند شوێێكی دیکە دەستگیر کردووە.