عەمید کامل بەرزنجی: 25 هەزار کرێکاری بیانی بە پێی رێکارە یاساییەکان لە هەولێر کار دەکەن
K24- هەولێر
بەرێوەبەری نشینگەی هەولێر رایدەگەیەنێت، پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە دەرفەتی کار بۆ دەستی کاری ناوخۆ زیاد بکات، لەگەڵ ئەوەشدا رێکاری یاسایی بۆ ئەوانە دیاری کردووە کە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان کار بکەن.
عەمید کامل بەرزنجی، بەرێوەبەری نشینگەی هەولێر بە کوردستان24-ی راگەیاند: هێنانی کرێکارانی بیانی لەرێگەی کۆمپانیاکانەوە دەبێت، لەسەر بنەمای ئەو پسپۆرییانەی کەم و دەگمەنن، دەشڵێت: کۆمپانیاکان داوای هێنانی کرێکاری بیانی پێشکەش بە وەزارەتی ناوخۆ دەکەن، وەزارەتی ناوخۆش بەپێی سیستەمی خۆی هەڵسەنگاندن بۆ داواکە دەکات و بەشێوەی ئەلیکترۆنی ڤیزا دەداتە ئەو کرێکارە بیانیانەی لەرێگەی کۆمپانیاکانەوە داوای کارلە هەرێمی کوردستاندا دەکەن .
کامل بەرزنجی،رایگەیاند، 25 هەزار کرێکاری بیانی لە هەولێر تۆمارکراون، لەگەڵ ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی ئەوە دەەدات دەرفەتی کار بۆ دەستیکاری ناوخۆ زیاد بکات، گوتیشی:دەرفەتی کار دەبێ بۆ خەڵکی ناوخۆ بێت.
لەبارەی هاتنی ئەو کرێکارە بیانیانەی هەوڵ دەدەن بە قاچاغ بێنە نێو هەرێمی کوردستان، کامل بەرزنجی رایگەیاند: هاتنی کرێکارانی بیانی لە سنوورەکانەوە بە قاچاغ بەردەوامە، بەڵام هەوڵدراوە کۆنتڕۆڵ بکرێن.
دەشڵێت: هەر کرێکارێکی بیانی رێکارەکانی یاسایی کارکردنی بۆ ئەنجام دەدرێت، مافیشی بەپێی گرێبەستەکەی پارێزراو دەبێت.
کامل بەرزنجی ئاماژە بەوە دەکات، هەر کرێکارێک سکاڵا بکات، بەپێی گرێبەستەکەی بەدواداچوون بۆ کەیسەکەی دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش پێشێلکاری کەم بۆتەوە، ئەو کرێکارانەشی بۆ کار دێنە هەرێمی کوردستان، کرێکارانی ئێرانی، تورکیی و سورین.