بێكهام زۆرترین هاوڕێی مێسی لە ئینتەر مەیامی كۆدەكاتەوە

مێسی، سوارێز و ئالبا بە درێسی ئینتەر مەیامی باوەشیان لەیەكتر داوە
مێسی، سوارێز و ئالبا بە درێسی ئینتەر مەیامی باوەشیان لەیەكتر داوە

یانەی ئینتەر مەیامی خەریكە دەبێتە تیپێك بۆ كۆكردنەوەی هاوڕێیەكانی لیۆنێل مێسی، جگە لە بۆسكێتس، ئالبا و سوارێز دوو هاوڕێی دیكەی مێسی بۆ پەیوەندیكردنی بە یانە ئەمەریكاییەكە بەڕێوەن.
دیڤید بێكهام سەرۆكی یانەی ئینتەر مەیامی بەردەوامە لە سوپرایز و دڵخۆشكردنی لیۆنێل مێسی، بێكهام یانەكەی بۆ كاپتنە ئارجێنتیناییەكە كردووەتە بارسێلۆنایەكی بچووك، پڕی كردووە لە هاوڕێیە كۆنەكانی.
دوای ئەوەی هاوینی رابردوو یانەی ئینتەر مەیامی بە جووتە هەردوو یاریزانی دێرینی بارسێلۆنا (سێرخیۆ بۆسكێتس و جۆردی ئالبا) گواستەوە، بەوەش نەوەستا لە سەرەتای ئەمساڵ لویس سوارێزیشی هێنایە ڕیزەكانی، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم چوار یاریزانە پێشتریش لە بارسێلۆنا پەیوەندییەكی بەهێزیان تەنانەت لەسەر ئاستی خێزانەكانیشیان هەبوو.
تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریكاش پێشتر باسی لەوە كردبوو دێڤید بێكهام خاوەنی بەشێك لە پشكەكانی ئینتەر مەیامی هیچ یاریزانێك بەبێ رەزامەندی كاپتنی یانەكە لیۆنێل مێسی ناگوازێتەوە، تەنانەت جیراردۆ مارتینۆی راهێنەریش لەسەر خواستی لیۆ گرێبەستی لەگەڵ كراوە.
بە گوێرەی كەناڵی TNT سپۆرتی ئارجێنتینا، دیڤید بێكهام سوپرایزێكی دیكەی بۆ مێسی هەیە، ئەویش گواستنەوەی ئانخێل دی ماریایە كە زۆرترین بیرەوەی خۆشیان بەیەكەوە لەگەڵ لیۆ هەیە، دوایینجاریش بەیەكەوە لە مۆندیالی قەتەر مێژووییان نووسییەوە و مۆندیالی 2022ـیان بۆ وڵاتەكەیان بردەوە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، باس لەوە كراوە نێیمار دا سیلڤا كە یەكێكە لە نزیكترین هاوڕێیەكانی مێسی، ئەویش لە پلانەكانی ئینتەر مەیامی دایە و چاوەڕێی چاكبوونەوە لە پێكانەكەی دەكرێت بۆ ئەوەی ئینتەر مەیامی بكەنە سێیەمین یانە دوای بارسێلۆنا و پاریس بەیەكەوە لەیەك تیپ سەرلەنوێ كۆببنەوە.

پێگەی ئۆلێی ئارجێنتینا هێمای بۆ ئەوە كردووە كە بێكهام وەكو راوێژكارێك پشت بە مێسی دەبەستێت چونكە هەر كارێكی بە قسەی مێسی كرد بێت تیپەكە قازانجی كردووە، بەوپێیەی یانەكە لەسەر دەستی مێسی یەكەمین نازناوی وەرزی رابردوو بردەوە، ئەم وەرزەش لە كۆمەڵەی رۆژهەڵات یانەكە لوتكەی گرتووە، سوارێزیش كە لەسەر داوای مێسی ئەم وەرزە پەیوەندیی بە یانەكە كرد لە 10 یاری، 7 گۆڵ و 6 ئاسیستی كردووە.

.
.
.

 

 

Fly Erbil Advertisment