نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی قەڵادزێ دەستی پێ کرد

K24 - هەولێر

نۆژەنکردنەوەی شەقامە سەرەکییەکانی ناوبازاڕی قەڵادزێ، بە لابردنی چینی خراپبووی سەرەوەی شەقامەکانە و بە چینێکی تر قیر دەکرێتەوە، لە ڕابردوو خراپی شەقامەکان گرفتی بۆ شۆفێران دروست کردبوو، سیمای ناو بازاڕی قەڵادزێی شێواند بوو، نۆژەنکردنەوەکە هەموو ئەو شەقامانەی ناو بازاڕ دەگرێتەوە کە چاڵیان تێکەوتووە و خراپ بوون.

بەکر بایز، قایمقامی پشدەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ساڵی 1991ەوە خەڵک گەڕاوەتەوە بەسەر ناوچەیەکی وێران و هەوارێکی بەتاڵ، کەواتە هەر شوێنێک تا دەیگەێنیتە ئاستی شوێنەکانی دیکە تۆزێک قورسە و کاتی دەوێت، دوای ئەوە وەک شوێنەکانی دیکە سەیر دەکرێت.  

لەگەڵ نۆژەنکردنەوەی شەقامەکانی ناو بازاڕ، کارکردن لە پرۆژەی شەقامی 60م دەوروبەری قەڵادزێش دەستی پێ کردووەتەوە، پڕۆژەکە بەردی بناغەی ساڵی 2013 دانراوە و بە چوار قۆناغ جێبەجێ دەکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی نەتوانراوە لەکاتی خۆیدا تەواو بکرێت.

ئارام محەممەد، سەرۆکی شارەوانیی قەڵادزێ دەڵێت، "شەقامی 60م بۆ شارەوانی شەقامێکی ستراتیجییە، بەهۆی ئەوەی قەڵادزێ مەرزی کێلێی بەسەرەوەیە، تا ئاستێک مەرزێکی فەرمییە و هاتووچۆیەکی زۆری لەسەرە و لەناو شەقامەکانی ناو شاریشدا هاتووچۆیەکی زۆری دروست کردووە، تەواو بوونی ئەم شەقامەش قەرەباڵەغی لە سەنتەری شار کەم دەکاتەوە و کار ئاسانی دەبێت بۆ بار هەڵگرەکانی مەرزی کێلێ".

قەزای پشدەر لە سەرەتای شەستەکانی سەدەی ڕابردوو چەند جارێک ڕووبەرووی تێکدان و کاولکاریی بووەتەوە، ساڵی 1977 تا 1986 بە پێنج قۆناغ تەواوی گوند و قەڵادزێی سەنتەری قەزاکەش بە تەواوی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان ڕاگوێزران  و ناوچەکش جارێکی تر وێران کرایەوە .

قەزای پشدەر لە ڕووی کارگێڕیەوە سەر بە ئیدارەی راپەڕینە، ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی 200 هەزار کەس دەبێت، دوای ڕاپەرین ، بەشێک لە خەڵکە ڕاگوێزراوەکەی، لە ئۆردوگا زۆرەملێکانەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان بۆ سەر هەوارێکی خاڵی و قەڵادزێی سەنتەری قەزاکە و گوندەکانیان ئاوەدان کردەوە .

Fly Erbil Advertisment