تەرمی دووگەشتیاری ونبووی ئوستراڵی و ئەمەریکی لە مەکسیک دۆزرانەوە

K24 - هەولێر
داواکاری گشتی مەکسیک ڕایگەیاند، ئەو تەرمانەی کە گومانیان لێدەکرێت هی دوو گەشتیاری ئوسترالی و ئەمەریکی بن، لە یەکێک لە هاوینەهەوارەکانی مەکسیک دۆزراونەتەوە و ئاسەواری فیشەک بە سەریانەوە بووە.
ماریا ئیلێنا ئەندرادی، داواکاری گشتی، ڕۆژی یەکشەممە گوتی: "ئەو دوو تەرمەی دۆزاونەتەوە کون بەسەریانەوە بووە ئەمەش بەهۆی گوللـەوە بووە".
ئاماژەی بەوەشکرد، خێزانی قوربانییەکان گەیشتوونەتە مەکسیک بۆ ئەوەی ناسنامەی تەرمەکان ببیننن و بیاناسنەوە.
یەکێک لەو گریمانانەی لێکۆڵەران کاری لەسەر دەکەن ئەوەیە کە ئایا مردنی ئەو گەشتیارانە لە ئەنجامی هەوڵی دزینی ئۆتۆمبێلەکەیان بووە کە جۆری "پیکاب" بووە یان نا.
بەگوێرەی میدیاکانی ئوسترالیا، جەیک ڕۆبنسنی تەمەن 30 ساڵ، پزیشک بووە لە شاری پێرسی ئوسترالیا. کالۆمی براکەی تەمەنی 33 ساڵ بووە، هاوڕێ ئەمەریکیەکەیان جەیک کارتەر تەمەنی 30 ساڵ بووە.
بەپێی زانیارییەکانی دەسەڵاتی دادوەری مەکسیک، سێ تۆمەتبار کە لەنێویاندا ژنێکە دەستگیرکراون بەهۆی ئەگەری تێوەگلانییان لەم دۆسیەیەدا.
ماریا ئیلێنا ئەندراد، ڕاشیگەیاند، تەرمەکان لە دۆخی شیبوونەوەدان، ئەمەش ناسینەوەیان ئاڵۆزتر دەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی جلوبەرگەکان و هەندێک تایبەتمەندی وەکو قژی درێژ و هەندێک وەسفی تایبەتی جەستەیی، ئەگەرێکی زۆر هەیە کە ئەمانە تەرمی ئەو سێ گەنجە ونبووە بن.