بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: کابینەی نۆیەم سێ سایلۆی نوێی دروست کردووە

K24 - هەولێر
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کابینەی نۆیەم سێ سایلۆی نوێی دروست کردووە، هەریەکێک لەم سایلۆیانەش، توانای هەڵگرتنی 40 هەزار تۆنە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی ئایاری 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ، ئەمڕۆ کاتژمێر 11:00 کۆبوونەوەیەکمان هەیە، لەگەڵ لێژنەی هونەریی وەزارەتی ئێمە و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، تاکو ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دیاری بکەن.
"لەگەڵ ئەوەدا نین بە بێسەروبەری ڕێژەی گەنم بۆ کوردستان دیاری بکرێت"
بەگوتەی ئەو بریکارە، "ئێمە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، ئەمساڵ بۆ کوردستان لەگەڵ ئەوەدا نین بە بێسەروبەریی ڕێژەی گەنم دیاری بکرێت، بەڵام بەپێی ئەو داتا و بەڵگەنامانەی بەدەستی ئێمەوەیە، دووملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی لە کوردستان بە گەنم داچێنراوە، هەروەها لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کەمترین ڕێژەی باران 400ملم بووە، کە زەوییەکان هەمووی وەرزییە و دێمی نییە، ئەوە یەکێکە بووە لە ڕێککەوتنەکانمان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا."
ئەو بریکارە گوتیشی: "دووملیۆن و 955 هەزار دۆنم زەوی کە بە گەنم داچێنراون، مەزندەی بۆ کراوە 500کگرام بۆ 900کگرام نزیک تۆنێک گەنم بۆ هەر دۆنمێک زەوی هەیە، ئەمڕۆ لێژنەکەی ئێمە لەگەڵ سەرچاوەکانی هەرێم و لێژنەی هونەری وەزارەتی کشتوکاڵ عێراق کۆدەبنەوە و لێدەرکردن و پێشنیازکردن دیاری دەکەن. کە چەند تۆن گەنم لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت بە ڕووبەری چێندراو و بەمەزندەی گشتی بۆ هەر دۆنمێک".
"حکوومەتی هەرێمی کوردستان سێ سایلۆی نوێی دروست کردووە کە توانای هەریەکێکیان، 40 هەزار تۆنە"
کەریم سلێمان ئاشکراشی کرد، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە "وەزارەتی بازرگانی هەرێم، لە کوردستان نۆ سایلۆ هەیە، ئەو سایلۆیانە توانای هەڵگرتنی 566 هەزار تۆن گەنمیان هەیە. جگە لەو ژمارە سایلۆیانەی کە هەن، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سێ سایلۆی نوێی دیکەی دروست کردووە، بەڵام تا ئیستە بەکار نەهێنراون، هەریەکێک لەم سایلۆیانە، توانای هەڵگرتنی 40هەزار تۆن گەنمی هەیە. کۆی توانای هەڵگرتنی گەنم لەو سێ سایلۆیە 120هەزار تۆنە".
"وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، بە حکوومەتی عێراقی ڕاگەیاندووە بۆ گەنمی زیادی هەرێم، چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیاری باشوور دەکرێت، بەوشێوەش مامەڵە لەگەڵ جووتیاری هەرێمدا بکرێت"
هەروەها گوتیشی، "بەر لە هەفتەیەک لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو وەزیری بازرگانی هەرێم لە بەغدا بووین و سەردانی وەزیری بازرگانی عێراقمان کرد، لای خۆیەوە بێگەرد تاڵەبانی پێی ڕاگەیاندن ئەگەر گەنمەکەی هەرێم زیاد بوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ گەنمی پارێزگاکانی دیکە دەکەن، بەو شێوەیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ گەنمی زیادی هەرێمی کوردستانیش بکرێت".
"سێ بابەتی سەرەکی لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی باس کراوە"
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی دا، "دوێنێ ئێوارە من و وەزیری کشتوکاڵ وسەرچاوەکانی ئاو و لەگەڵ نوێنەری هەر چوار فراکسیۆنی کوردستان لە عێراق، چاوپێککەوتنێکمان لەگەڵ محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، باسی سێ بابەتی سەرەکیمان کرد بە بەڵگە و پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانیمان کرد، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان، ئەوەبوو چۆن مامەڵە بکرێت لەگەڵ بە بازاڕکردنی گەنم و گەنمی جووتیارانی هەرێم و چۆن وەردەگیرێت، بەپێی ئەو بەڵگانەی کە لەبەر دەستی ئێمە بوو، کە ڕووبەر، کۆی گشتیی و ڕێژەی دابارینی باران و چەندانی دیکە لەناو ئەو سێ بابەتەسەرەکییەدا هەیە".
"داوا لە سوودانی کراوە خۆی بەتایبەت بێتە سەرخەت بۆ پارەدارکردنی چوار سایلۆی ستراتیجیی دیکە لە هەرێمی کوردستان"
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بابەتی دووەمی خستە ڕوو، کە داوایان کردووە لە سوودانی خۆی بەتایبەت بێتە سەرخەت بۆ پارەدارکردنی چوار سایلۆی ستراتیجیی دیکە لەهەرێمی کوردستان، کە زۆر لە مێژەلە نێوان وەزارەتی ئێمە و ئەو وەزارەتانەی کە پەیوەندیدارن بە هاوردەکردن، کار لەسەر ئەم بابەتە کراوە. خاڵی سێیەمیش قەرزێکی زۆر هەیە کە پێی دەگوترێ قەرزی نەمساوی، گوایە بەپێی ئەو قەرزە هاوکاری جووتیاران دەکەن، بۆ کرینی ئاوپرژە بە نرخی پاڵپشتیکراو. داوامان لێکردن بەهەمان شێوە مامەلە لەگەڵ جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش بکرێت."
"تاکو ئێستە بڕیاری کۆتایی نەدراوە لەسەر پێیدانی بڕی پارەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان"
کەریم سلێمان ڕاشیگەیاند، تاکو ئێستە بڕیاری کۆتایی نەدراوە لەسەر پێیدانی بڕی پارەی جووتیاران، بەڵام داوامان کردووە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ جووتیارانی خۆیان و ناوەراستی عێراق دەکرێت، بەوشێوە مامەڵە لەگەڵ جووتیارەکانی ئێمەش بکرێت.