مێدیاکانی عێراق: وەزارتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ئاوارەکان ناچار دەکات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

K24 - هەولێر
وەزارتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دەڵێت، لە دادگا سکاڵا لەسەر بەشێک لە مێدیاکان تۆمار دەكات. ئەمە لە كاتێكدایە، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەشێكی مێدیاکانی عێراق بڵاویان كردەوە، ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان ناچار دەكرێن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان.
"ئاوارەكانی نیشتەجێی كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان ناچار دەكرێن بگەڕێنەوە ناوچەكانیان".. ئەمە ناونیشانی ھەواڵەكانی دوو ڕۆژەی ڕابردووی مێدیای عێراقی بووە.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەیان خێزانی ئاوارەی دانیشتووی كەمپەكانی پارێزگای ھەولێر و سلێمانی ناچاركردووە بگەڕێنەوە ناوچەكانیان. بەشێك لەو خێزانانە ئاوارەكانی كەمپی بەحركەن لە سنووری پارێزگای ھەولێر.
دۆخی خراپی ئاوارەكان كاردانەوەی لێ كەوتووەتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مێدیای عێراقی ھەوڵی داوە دەنگی ئاوارەكان بگەیەنێت، بەڵام وەزارەتی کۆچ و كۆچبەرانی عێراق، هێرشی تووند دەکاتە سەر مێدیای عێراقی و پێی وایە مێدیا ھۆی پشێویی دۆخەكەیە.
کەریم نووری، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، دەڵێت، ئەو ھەڵمەتەی مێدیا لە دژی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران دەستی پێ كردووە، كارناكاتە سەر بڕیارەكەیان بۆ داخستنی كەمپەكان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان. دەشڵێت، مێدیا زانیاری ناڕاست بڵاودەكاتەوە، گوایە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران بە زۆر ئاوارەكان دەگەڕێنێتەوە.
ئەو خێزانانەى دەگەڕێنەوە؛ بەشێکن لەو دوو ھەزار و 500 خێزانەى کە لە دواى شەڕى داعش لە 2014 ئاوارە بوونە، خەڵکى شارۆچكەی تەلەعفەر لە سنووری پارێزگای نەینەوا و ناحیەى دوجەیل و یەسربی سنووری پارێزگای سەڵاحەدینن كە بەھۆی بوونی گرووپی چەكداری و نەبوونیی سەقامگیریی؛ دژی گەڕاندنەوەی بەزۆرن بۆ ناوچەكانیان.