ئیخلاس دلێمی: کورتهێنانی بودجەی عێراق لە 100 ترلیۆن دینار نزیک دەبێتەوە

K24 – بەغدا:
جێگری سەرۆکی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق دەگاتە 228 ترلیۆن دینار، 100 ترلیۆن دیناریش بۆ مووچە تەرخان کراوە، هەروەها بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، خشتەی هەمواریی یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواوە بووە و هۆکاری نەناردنی بۆ پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان.
ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە حکوومەتەوە پێمانگەشتووە، بودجەی ساڵی 2024ـی عێراق دەگاتە 228 ترلیۆن دینار، 100 ترلیۆن دیناریش بۆ مووچە تەرخان کراوە، بۆیە کورتهێنان لە بودجە لە 100 ترلیۆن دینار نزیک دەبێتەوە.
پەرلەمانی عێراق دوایین دانیشتنی خۆی کرد و پشووی یاسادانانی پەرلەمان دەستی پێ کرد، بەڵام هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی پەرلەمان نەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ ناردنی هەمواریی یاسای بودجەی ساڵی 2024 لە حکوومەتەوە بۆ پەرلەمان دیار نییە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، خشتەی هەمواریی یاسای بودجە لە ئەنجوومەنی وەزیران تەواوە بووە و هۆی نەناردنی بۆ پەرلەمان دەگەڕێتەوە بۆ هەڵنەبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، حکومەت چاوەڕێیە ئەو پۆستە یەکلایی کرێتەوە تاوەکو هەمواریی یاسای بودجە بنێردرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت.
لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان مۆڵەتی هەفتەیەکیان داوە بەلایەنە سوونییەکان تاوەکو کاندیدی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلا بکەنەوە، ئەگەر سوونەکان لەنێوان خۆیاندا ڕێککەوتن ئەوا هەفتەی داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بۆ هەڵبژرادنی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت و پشووی یاسادانانی پەرلەمانیش درێژ دەکرێتەوە، ئەگەر نا ئەم پرسە هەروا بەهەڵپەسێردراوەی دەمێنێتەوە.
لای خۆیەوە ڕائد مالکی، ئەندامی لێژنەی یاسایی بە کوردستان24ـی گوت: بۆچوونی گونجاو لە پەرلەمانی عێراق ئەوەیە پشووی یاسادانان دەست پێ بکات، بەڵام ئەگەر هەر پێشهاتێکی نوێ لەسەر خشتەی هەمواری بودجە یاخود سەرۆکی پەرلەمان هاتە پێشەوە ئەوا سەرۆکی پەرلەمان یاخود 50 پەرلەمانتار دەتوانن داوای دانیشتنی نائاسایی بکەن.