لە باکووری ئەفغانستان لافاو دەیان کەس دەخنکێنێت

K24 – هەولێر
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریی لە کارەساتێکی مرۆیی لە باکووری ئەفغانستان دەدات و ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی لافاوەوە زیاتر لە دەیان کەس مردوون و دەیان ناوچەش نوقمی ئاو و قوڕ و لیتە بووە.
ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ولایەتی بەغلان و ناوچەکانی دەوروبەریی باکووریی ئەفغانستان لە ئەنجامی لێزمە باران و لافاوەوە لە دووشەممەی ڕابردووەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 100 کەس مردوون و بەشێک لە قوربانییەکان تەرمەکانیان نەدۆزاوەتەوە.
هەروەها ڕایگەیاندووە، چەندین خانوو لە چەند ناوچەیەکی جیا بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و بەهۆی نەبوونی ئامێر و کەلوپەلی تایبەت و پێویست ناتوانرێت تیمەکانی فریاکەوتن خەڵکی لێقەوماو ڕزگار بکەن.
لەلایەن خۆیەوە ئیدارەی خۆجێیی ویلایەتی بەغلان بەرە بەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاندووە، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان 62 کەس بەهۆی لافاوەوە مردوون، بەڵام ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان هەیە.