سەفین تاهیر: کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بەشداریی خولی وەرزیی دەکەن

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر ڕایگەیاند، بەڕێنماییەکی وەزارەتی ناوخۆ دەبێت ساڵی دووجار کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرز بوونەوەی ئاستی توانا و زانیاریی بەشداریی خولی وەرزیی بکەن.
ئەمڕۆ شەممە، 11ـی ئایاری 2024، عەقید سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان لە هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بە ڕێنماییەکی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ، دەبێت هەموو کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ بەرز بوونەوەی ئاستی توانا و زانیارییەکان بەشداریی لە خولی وەرزیی بکەن. خولەکە تەنیا بۆبەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان و خێزان نییە.
بە گوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "ئەو ڕاهێنانە وەرزییە ساڵی دووجارە، بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوام دەبێت و دەکرێت، بۆ هەموو کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆیە. تاکو توانا و زانییارییان پێ بەرز بکرێتەوە. لە ڕووی جەستەیی و زانیاری، کە هەر کارمەندێک پێویستی بە دووبارە نۆێکردنەوە هەیە کە فێری بابەتی ڕێزگرتن و دیسپلینی سەربازی و خولی مەشق و ڕاهێنانی وەرزییان دەکات".
ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی: "خولەکە ئەو کارمەندانە دەگرێتەوە کە لە بەشی سەربازین لەگەڵ پۆلیسە ڕێپێدراوەکان، جگە لە ئەفسەرەکان چونکە ئەفسەرەکان پلەیان بەرز دەبێتەوە، ئەوان دەورەی خۆیان و ڕێنمایی تایبەت بە خۆیان هەیە جیاوازە لەم خولە. جگە لە لەوان هەموو کارمەندەکان بەبێ جیاوازی، دەبێت ساڵانە لە وەرزی بەهار و پایز بەشداریی بکەن".
عەقید سەفین ڕایگەیاند: "لە پێناو ئاستی هۆشیاری و بەرپرسیارێتیی کارمەندان، دەبێت کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتیی و سەرجەم نووسینگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیش بەشدار بن. هەروەها ئێستە خولەکە لە شەشەم ڕۆژیدایە و بەردەوامە".