تونێلی پیرمام بە 'مەرج' بە ڕووی بارهەڵگرەکاندا دەکرێتەوە

تونێلی پیرمام
تونێلی پیرمام

K24 - هەولێر

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، تونێلی پیرمام بە ڕووی  بارهەڵگرەکاندا دەکرێتەوە جگە لە ڕۆژانی هەیینی و بۆنە و پشووەکان.  

ئەمڕۆ شەممە، 11-05-2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگاداری شۆفێران و هاووڵاتییانی کردەوە، "لە پێناو بەرژەوەندىی گشتیی، کەمکردنەوەی ئاستەنگى هاتووچۆ و جموجۆڵ و جووڵەی بازرگانی، بڕیاردرا بە کردنەوەی تونێلی پیرمام بە ڕووی بارهەڵگرەکاندا بە پابەندبوونیان بە کێشی ڕێگا پێدراو و بارنەکردنى کێشی زیادە".

بڕیارەکە، وەکو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "تا ئەو کاتەیە کە ڕێگەی گونجاو بۆ (هاتووچۆی بارهەڵگرەکان) دابین دەکرێت. هەروەها لە ڕۆژانی هەینی بۆ ماوەی (24) کاتژمێر ناتوانن بە تونێڵی پیرمام هاتووچۆ بکەن و هەروا لە بۆنە و پشووەکانیشدا بۆیان نییە هاتوچۆی پێدا بکەن ".

پارێزگاری هەولێر داوا لە شوفێرانی بارهەڵگر دەکات لە پێناو پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و سەلامەتیی هاتوچۆ و ڕێگاو بانەکان پابەندی ڕێکار و ڕێنماییەکان بن.

پێشتر هاتوچۆی هەولێر ڕایگەیاندبوو، لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی شۆفێران بڕیار درا بە هاتووچۆکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەنێو تونێلی پیرمام بە شێوەی یەکجاری قەدەغە بکرێت.

هاتوچۆی هەولێر هۆکارەکەی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە، گوایە ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەو تونێلەدا هاتوچۆیان دەکرد، ئەمەش وای کردبوو هاتوچۆ لە تونێلکەدا سست بێت و ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دروست ببێت، هەروەها لە ئەگەری پەککەوتنی هەر بارهەڵگرێکیش لە تونێلەکە، ئەوا ڕێگەکە بەتەواوی دادەخرا، کە ڕێگەیەکی گەشتیاری و ئابوورییە.

Fly Erbil Advertisment