ڕزگار فەرزەندە: زۆرترین ئاسانکاریی لە پێدانی ڤیزا بە گەشتیاران دەکەین

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، ئامانجیان لە پێدانی ڤیزا بە دوو ڕێگەی سەردەمییانە بە گەشتیاران، ئاسانکارییە و دەیانەوێت زۆرترین گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، گەشتیاران لە ڕێگەی وێبسایتی وەزارەتی ناوخۆ دەتوانن ڤیزە بە شێوەی ئۆنلاین وەربگرن. بۆ ئەو مەبەستە ئێستا پێدانی ڤیزا بە گەشتیارانی بیانی بە دوو شێواز دەکرێت.
ئەو دوو جۆرە ڤیزایە بریتین لە ڤیزای ئۆنلاین، کە پێشوەختە گەشتیاران لە ڕێگەی وێبسایت، لە وەزارەتی ناوخۆی داوا دەکەن و دوای ڕەزامەندی، ڤیزا وەردەگرن. هەروەها ڤیزای ئۆن ئەراڤڵ، ئەو ڤیزایەیە کە هەڵگرانی پاسپۆرتی 53 وڵات دەتوانن لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان لە فڕۆکەخانە وەریبگرن و پێویست بە داواکاریی پێشوەختە ناکات.
لەوبارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 12-05-2024، ڕزگار فەرزەندە ئەفەندی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "ئامانجمان لەو دوو ڕێگە سەردەمییە، ئاسانکارییە بۆ هەموو گەشتیارانەی سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن؛ ئینجا بۆ کاری بازرگانی، وەبەرهێنان یان هەر ئامانجێکی دیکە بێت. هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر ئاسانکارییان بۆ دەکەین".
بە گوتەی ڕزگار فەرزەندە ئەفەندی، "پۆرتاڵی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێدانی ڤیزا 24 کاتژمێر بەردەستە. هەموو ئەو کارمەندانەی کار لەسەر پێدانی ڤیزا بە گەشتیاران دەکەن، کادری ناوخۆیین و هیچ کۆمپانیایەکی بیانی بەشداریی لە پرۆسەکەدا نەکردووە".
وەکو ئەوەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڤیزا لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێ کرد، "ماوەی پێدانی هەر دوو جۆری ڤیزاکە سێ مانگە؛ واتا لە ڕۆژی دەرچوونی ڤیزاوە هاووڵاتیی بۆی هەیە بۆ ماوەی سێ مانگ هاتووچۆی هەرێمی کوردستان بکات و بۆ ماوەی مانگێکیش بمێنێتەوە".
لەلایەن خۆیەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو وڵاتانەی کە ڤیزە بەخۆڕایی و بێ بەرانبەر دەدەنە هاووڵاتییانی خاوەن پاسپۆرتی عێراقی، بە هەمان شێوە هاووڵاتیی ئەو وڵاتانە، کە دێنە عێراق یان هەرێمی کوردستان بێبەرانبەر دەتوانن ڤیزە وەربگرن".
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گەشتیاران لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە بڕی 72 دۆلار لە بەرامبەر وەرگرتنی ڤیزا دەدەن.
ڕێکخستنەوە و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان هەنگاوێکی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا تەواوی کاروبارە کارگێڕییەکان و مامەڵەی هاووڵاتییان بە دیجیتاڵی دەکرێن.