ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق کۆبووەوە

K24 - هەولێر
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لە بەشداری کارای هەرێم لە دۆسیە پەیوەندیدارەکان دەکەنەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 13-05-2024، لە شاری بەغدا د.دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق بۆ کاروباری یاسایی کۆبووەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، مەبەست لە کۆبوونەوەکە؛ ئاڵوگۆڕی زانیاری، بیروڕا و نزیککردنەوەی هەڵوێستەکان و ڕاوێژکردن لە تەوەرە پەیوەندیدارەکان و گرنگیی بەشداریی کارای نووسینگەی ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەو کۆبوونەوانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ، پەیماننامە و ڕێککاوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی دیدگای حکوومەتی هەرێم بوو لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.
لە دیدارەکەدا، وەکو ئەوەی ئاماژەی پێ دراوە، جەخت لە دانانی میکانیزمێکی هەماهەنگیی هاوبەش کرایەوە بۆ ئەوەی کە دۆسییە پەیوەندیدارەکان ئاڵوگۆڕی زیاتریان پێ بکرێت و هەرێم ڕۆڵی کارا ببینێت لە چوارچێوەی کۆماری عێراق لە جێبەجێکردنی ئیلتیزاماتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەڕووی یەکخستنی هەڵوێستەکان و بەشداریی کاریگەر لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی سیاسەتی دەرەوەی عێراق.