کەشناسی: لە ناوچە شاخاوییەکانی دهۆک باران و هەورە بروسکە دەبێت

K24 – هەولێر
بە گوێرەی کەشی پێشبینی کراوی ئەمڕۆ لە ناوچە شاخاوییەکانی هەولێر و دهۆک و ڕاپەڕین نمەباران دەبێت، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆک باران زیاتر دەبێت و هەورە بروسکەشی لەگەڵ دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتى گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانى هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممەوە ئاسمان لە نێوان هەور و نیمچە هەور بێت، لەگەڵ نمە باران لە هەندێ کات بە تایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکانى هەولێر و ڕاپەڕین.
هەروەها پێشبینی دەکات لە پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکانى سنووری پارێزگاکە ڕێژەی بارین زیاتر و لە هەندێ کاتدا هەورە بروسکەشی لەگەڵ بێت، ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی پلەی گەرمای دهۆک بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان نزمتر بێت.
سەبارەت بە کەشی پێشبینیکراوی سبەی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024، ئاسمان لە نێوان پەڵە هەور و نیمچە هەور دەبێت لە هەندێ ناوچەش هەورى تەواو دەبێت بە تایبەتى لە ناوچە شاخاوییەکاندا، بەڵام پلەکانی گەرما بە گشتیی و نزیکەی دوو پلە بەراورد بە گەرمای ئەمڕۆ بەزرتر دەبێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر : 28
سلێمانى: 25
دهۆک : 27
زاخۆ : 28
هەڵەبجە : 24
کەرکوک: 33
سۆران : 26
حاجی ئۆمەران: 19
گەرمیان : 34