"خەڵاتی باڵۆن دۆر لە نێوان ئەم 7 یاریزانە یەكلایی دەبێتەوە"

راپۆرتێكی رۆژنامەوانی، حەوت بەهێزترین بەربژێری بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2024 دەستنیشان كردووە، ڤینسیۆس جۆنیۆر لە هەمووان زیاتر لە خەڵاتەكە نزیكە، بەڵام دوو پاڵەوانێتی دیكە لەم هاوینە رۆڵی لە بەخشینی ئەم خاڵەتە دەبێت.
پێگەی (نەیشن سپۆرتس)ـی ئینگلیزی، لە راپۆرتێكدا ئاماژدەی بۆ ئەوە كردووە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان ریال مەدرید و بوروسیا دۆرتمۆند لەگەڵ یۆرو و كۆپا ئەمریكا دەبێتە یەكلاكەرەوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن، بە گوێرەی ئامارەكان تا ئەم كاتە ڤینسیۆس جۆنیۆر هێرشبەری ریال مەدرید لە هەمووان زیاتر لە بردنەوەی خەڵاتەكە نزیكترە، بەڵام ڤینی بۆ بردنەوەی خەڵاتەكە بەتەنیا نییە و لەبەردەم چەندان ركابەری بەهێزدایە.

1ـ ڤینسیۆس جۆنیۆر
ئەم هێرشبەرە بەرازیلییە تەمەن 23 ساڵییە، ئەم وەرزە لەگەڵ ریال مەدرید لە باشترین رۆژەكانی خۆیدایە، بەوپێیەی لە كۆی 36 یاری، 21 گۆڵ و 11 ئاسیستی كردووە، نازناوی لالیگای لەگەڵ ریال مەدرید مسۆگەر كردووە و رۆڵی كاریگەریشی هەبووە لە گەیاندنی یانەكەی بۆ یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ.

2ـ جود بێلینگهام
ئەم ناوەراستكارە ئینگلیزییە لە یەكەمین وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید لە كۆی 35 یاری، 20 گۆڵ و 12 ئاسیستی كردووە و نزیكەوەیە بۆ یەكەمجار نازناوی چامپیۆنزلیگ لەگەڵ ریال مەدرید بباتەوە و هەڵبژاردەی ئینگڵتەراش یەكێكە لە بەربژێرە سەرەكییەكان بۆ بردنەوەی یۆرۆی 2024، ئەگەر بێلێنگهام ئەم دوو نازناوە لەم هاوینە بباتەوە بە ڕێژەیەكی زۆر خەڵاتی باڵۆن دۆریش دەباتەوە.

3ـ هاری كەین
ئەم هێرشبەرە ئینگلیزییە ئامارەكانی گۆڵكردنی ئەم وەرزە لەگەڵ بایرن میونشن زۆر سەرسوڕهێنەر بوو، بەوپێیەی لە كۆی 41 یاری، 40 گۆڵ و 13 ئاسیستی كرد، بەڵام لە بەدبەختیان یانەكەی ئەم وەرزە هیچ نازناوێكی نەبردەوە، بەڵام هاری تەمەن 30 ساڵ دەرفەتی ئەوەی هەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا یۆرۆی 2024 بباتەوە و یەكێك بێت لە بەربژێرانی خەڵاتی باڵۆن دۆر.

4ـ كلیان ئێمباپێ
ئەم هێرشبەرە فەرەنسییەی یانەی پاریس سانجێرمان، نازناوی لیگ وەنی لەگەڵ یانەكەی بردەوە، لە قۆناغی چارەكی كۆتایی چامپیۆنزلیگیش دوو گۆڵی لە دژی بارسێلۆنا كرد و بە ئەنجامی 6 ـ 4 یانەكەی گەیاندە پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە ئێستاشدا بەربژێری چوارەمە بۆ بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، بەڵام دەرفەتی ئەوەی لەپێشە ئەگەر لەگەڵ فەڕەنسا یۆرۆ بباتەوە بتوانێت خەڵاتی باڵۆن دۆریش بەدەستبهێنێت.

5ـ فیل فۆدێن
ئەم هێرشبەرە لاوە تا دێت زیاتر ئاستی لەژێر سەرپەرشتی پێپ گواردیۆلا لە مان سیتی هەڵدەكشێت، ئەم یاریزانە لاوە 23 ساڵییە ئەم وەرزە 14 گۆڵ و 7 ئاسیستی كردووە، رۆڵی هەبوو لە گەیاندنی یانەكەی بۆ قۆناغی پێشكۆتایی چامپیۆنزلیگ، هاوكات یەكێكە لە كارتە كاریگەرەكانی هەڵبژاردەی ئینگڵتەرا بۆ بردنەوەی یۆرۆی 2024.

6ـ ئێرلینگ هالاند
ئەم هێرشبەرە نەرویجییە وەرزی رابردوو ركابەری سەرەكی لیۆنێل مێسی بوو لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆر، بەوپێیەی لە یەكەمین وەرزی لەگەڵ مان سیتی توانی 52 گۆڵ بكات، هاوكات نازناوی پرێمەرلیگ، جام و چامپیۆنزلیگیشی لەگەڵ یانەكەی بەدەستهێنا، بەڵام لە گەیاندنی هەڵبژاردەكەی بۆ یۆرۆی 2024 سەركەوتوو نەبوو، ئەمەش وا دەكات دەرفەتی بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری كەم بێتەوە، بەڵام هالاند خەریكە ئەم وەرزە لە پرێمەرلیگ بە نایابی تێپەڕ دەكات، بەوپێیەی بە 25 گۆڵ لوتكەی گۆڵكارانی گرتووە، هاوكات لە بردنەوەی نازناوەكەش زۆر نزیكە.

7ـ فلۆریان ڤێرتز
ئەم ناوەراستكارە لاوە تەمەن 21 ساڵییە ئەم وەرزە لەگەڵ لیڤەركووزن هەمووانیان شۆك كرد، بەوپێیەی نازناوی بۆندزلیگایان بردەوە و تیپەكەشیان گەیشتە یاریی كۆتایی یۆرۆپالیگ.
ڤێرتز یەك هەنگاوی ماوە بۆ ئەوەی ببێتە بەهێزترین بەربژێری بردنەوەی باڵۆن دۆر ئەویش لە رێگەی یۆرۆی 2024 كە بڕیارە لەسەر خاكی ئەڵمانیا بەڕێوە بچێت، ئەگەر ئەم یاریزانە بتوانێت نازناوەكە بباتەوە ئەگەری بردنەوەی باڵۆن دۆری زۆر زیاتر دەبێت.