چوارچێوەی هەماهەنگی داوای یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان دەکات

کۆبوونەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی
کۆبوونەوەی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی

چوارچێوەی هەماهەنگی داوا پەرلەمانتاران دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان لە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان جێ بەجێ بکەن و لە کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە پۆستەکە یەکلایی بکرێتەوە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگیی، لایەنەکانی چوارچێوە کۆبوونەوەیەکی بە پەلەیان بۆ یەکلاییکردنەوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کرد.

چوارچێوەی هەماهەنگیی جەخت لە گرنگیی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەکاتەوە و داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان لە کۆتایی هێنان بە پرسی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەئەستۆ بگرن و پێویستە سەرجەم ئەندامانی پەرلەمان بەشداریی لە دانیشتنەکە بکەن و ئەم بۆشاییە دەستووریی و نیشتمانییە گرنگە یەکلایی بکەنەوە.

لە 14ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و کۆتایی هێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانتاریی و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، زیاتر لە شەش مانگە تاوەکوو ئێستا پەرلەمانی عێراق چوار جار بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ و شوێنگرەوەی حەلبووسی کۆبووەتەوە، بەڵام هەر چوار جارەکە بەهۆی ناکۆکی نێو ماڵی سوننەکان پرۆسەکان شکستیان هێناوە.

ئێستاش بە پێکهێنانی هاوپەیمانێتی کوتلەی سەدارەی سوننەکان لەگەڵ هاوپەیمانی تەقەدوم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، چاوەڕوان دەکرێت پرسی بۆشایی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کە پشکی سوننەکانە بە کاندیدکردنی مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمان پڕ بکرێتەوە.

کوتلەی سەدارەی سوننەکان لە پەرلەمانی عێراق چوار پەرلەمانتاری هەیە، ئەوانیش هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، تەڵاڵ زەوبەعی، حالد عوبێدی و محەممەد نووری عەبدڕەبەیە، ڕێککەوتوون مەحموود مەشهەدانی تەمەن 75 ساڵ لە دانیشتنی ڕۆژی شەممە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان کاندید بکەن، بەو پێیە لە ساڵانی 2006 تاوەکوو 2009 سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بووە و ئێستاش پەرلەمانتارە.

Fly Erbil Advertisment