بەهۆی لافاو حەوت کەس لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران خنکان

لە شاری مەشهەدی ناوەندی پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی، کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و بە دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتە دەژمێردرێت و لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممەوە بەهۆی لێزمە بارانێکەوە شەقامەکانی نقومی ئاو بووە و زیان و قوربانیشی هەبووە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی کەشناسی ئێران لە یەک کاتژمێردا زیاتر لە 34 میلیمەتر باران باریوە و ئەمەش هەستانی لافاوی بەدوادا هاتووە و بە هۆیەوە حەوت کەس مردوون و دوازدە کەسیش بێسەروشوێنن. میدیاکانی ئێران بڵاویانکردووەتەوە، بەهۆی لافاکەوە دوو کەس لەناو ئۆتۆمبێلێکدا خنکاون، هەروەها خانوویەک بەسەر دایکێک و چوار منداڵدا ڕووخاوە و هەر پێنجیان مردوون.
لافاو لە ناو شاری مەشهەد سەدان ئوتۆمبێلی ڕاماڵی، 250 خێزانیشی بێ ماڵوحاڵ کرد و هاتووچۆی لە چەندین شەقام پەخستووە و لە چە شەقامێکیش جووڵەی ئەستەم کردووە.
دانیشتووانی مەشهەد شارەوانی شارەکە بە هۆکاری سەرەکی دروست بوونی لافاوەکە دەزانن و دەڵێن، بەستێکی ناوەڕاستی شارەکەی بە مەبەستی دروستکردنی خانوو و یەکەی نیشتەجێ بوون پڕکردووەتەوە ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی لە کاتی لێزمەباران هیچ کەناڵێک نەمەنێت باراناوی پێدا تێپەڕێت.
لە شەوی ڕابردووەوە هێزەکانی مانگی سوور و شارەوانیی مەشهەد دەستیان کردووە بە خاوێن کردنەوەی قوڕ و لیتەی ناو ئەو ماڵانەی کەوتوونەتە بەر لافاو، بەڵام شارەوانی ڕایگەیاندووە خاوێن کردنەوەی شەقامەکان کاتێکی زۆری دەوێ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەشناسیی ئێران بەردەوام سەبارەت بە ئەگەری هەستانی لافاو لە باکووری پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی و خۆراسانی باکوور هۆشداریی دابوو و لەم ناوچانەی دۆخی هۆشداری پرتەقاڵیی ڕاگەیاندبوو.
بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسیی ئێران، ئەو شەپۆلە بارانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێرانی گرتووەتەوە کاریگەرییەکانی تاوەکوو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و بە هۆی بارانی بەخوڕ و تەرزەوە ئەگەری هەستانی لافاو لە شارەکانی باکووری خۆراسان هەر لە ئارادایە.