ئیسرائیل ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ تورکیا هەڵدەوەشێنێتەوە

وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالیل سمۆتریچ ڕایگەیاند، لە کاردانەوە بڕیارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردن بۆ ئیسرائیل، ڕێکەوتنی بازرگانی ئازاد لەگەڵ تورکیا هەڵدەوەشێنێتەوە و هەروەها باجی لەسەدا سەد بەسەر هاوردەکردنی تورکیا دەسەپێنێت.

 سەرەتای ئەم مانگە تورکیا ڕایگەیاندبوو، لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، هەناردەکردنی بۆ ئیسرائیل ڕاگرتووە، ئەمەش بەهۆی خراپتربوونی کارەساتی مرۆیی لە ناوچەکانی فەڵەستین.

بەڵام وەزارەتی بازرگانی تورکیا ڕایگەیاندووە، کۆمپانیاکان سێ مانگیان لەبەردەمدایە بۆ جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ئێستا لە ڕێگەی وڵاتی سێیەمەوە.

 لەوبارەیەوە سمۆتریچ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "بڕیارەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ڕاگرتنی هاوردەکردن بۆ ئیسرائیل، پێشێلکردنی ڕێککەوتننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانە کە تورکیا پابەند بووە پێیەوە".

 سمۆتریچ گوتیشی: ئەگەر هاووڵاتیانی تورکیا، لە کۆتایی خولی سەرۆکایەتی ئەردۆغان، سەرکردەیەکی هاوسەنگ هەڵبژێرن کە ڕقی لە ئیسرائیل نەبێت، ئەوا دەکرێت بگەڕێنەوە سەر ڕێڕەوی بازرگانی لەگەڵ تورکیا.

بەپێی پلانی سمۆتریچ، هەموو ئەو باجە گومرگیانەی کە کەمکرابووەوە لەسەر ئەو کاڵایانەی کە لە تورکیاوە هاوردە دەکرێن بۆ ئیسرائیل، بەپێی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد بووە، بەڵام لە ئێستادا هەڵدەوەشێنەوە، لەهەمان کاتدا هەر بەرهەمێک کە لە تورکیاوە هاوردە بکرێت بۆ ئیسرائیل، بەڕێژەی لەسەدا سەد باجی دەخرێتە سەر.

 لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتەکانی دارایی، ئابووری و کاروباری دەرەوەش هەنگاو دەنێن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە ئیسرائیل لە هەمان کاتدا هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردن بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تورکیا.

 

Fly Erbil Advertisment