باخەوانێک: میوەی ئێستا بە سروشتیی بەرهەم ناهێنرێت بۆیە تامی نییە

گۆڕانی ئاووهەوا و بەبیابانبوون هەڕەشە لە بەشێکی هەسارەی زەوی دەکەن و ڕۆژ دوای ڕۆژ ڕووبەرێکی زۆری زەوی کشتوکاڵ؛ بە پیتیی خۆی لەدەست دەدات و بۆ داچاندن سوودی نامێنێت.

لە سەرەتای ڤیدیۆکە، دیمەنی پێنج دۆنم باخی هەنار دەردەکەوێت کە خاوەنەکەی چەند ساڵێکە لە تێکەڵەیەکی هەناری ساڵەخانی و ئەمەریکی دایچاندووە و هاتووەتە بەرهەم.

بڕیار ئیبراهیم، باخەوانێکی نموونەییە و بۆ بەرهەم و گەشەی باخەکەی، تەنها سوود لە پەینی ئاژەڵیی وەردەگرێت. خەرجی ئەو جۆرە پەینە کەمە و بەرهەمێکی سروشتیت دەداتێ و سوودی بۆ خاک بەراورد بە پەینەکانی دیکە زیاترە.

ئەو باخەوانە نموونەییە باس لەوە دەکات، ئێستا سەوزە و میوەکان بۆیە تامیشیان نەماوە، چونکە بە سروشتی بەرهەم نایەن و دەرمان و پەینی کیمیایی لە بەرهەم هێنانیان بەکار دەهێندرێن؛ ئەوەش زیان بە تامی بەرهەم و خاکەکەش دەگەیەنێت.

بڕیار ئیبراهیم دەڵێت: "پەینی ئاژەڵ تا سێ چوار ساڵ سوودی دەبێت بۆ خاک. ئەوە جگە لەوەی خۆراکی پێ دەدات، خاکەکەش فشەڵ دەکات، وادەکات زیاتر ڕەگ و ئاو هاتوچۆ بکات و دارەکە زیاتر خۆراک وەربگرێت. بۆ نموونە لە بازاڕ قەیسی دەکڕی، نازانی ئەوە هەر قەیسیە، تامی قەیسی لێ نایەت، بەڵام وەکو دیکۆر پارەیەکی باش دەکات و بۆ لایەنە بازرگانییەکەی شتێکی باشە؛ بەڵام ئەگەر میوەیەکی باش و خۆماڵیت دەوێت، بێ گومان ئەوەی پەینی ئاژەڵی پێ دراوە باشترە".

پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای کشتوکاڵی وای کردووە، جووتیار چاوی لە بەرهەمی زۆر و بەردەوام لە زەویەکەی هەبێت. دەرمان و پەینی کیمیایی جۆراوجۆر یەکێکە لە ڕێگاکان، بەڵام ئەوە زیانی زۆر بە کواڵێتیی بەرهەم و خاکەکە دەگەیەنێت و بێکەڵکی دەکات.

غازی ڕەسوڵ، پسپۆڕی کشتوکاڵی دەڵێت، "یەکێک لە گرفتەکانمان ئەوەیە زەوییەکانمان خولی کشتوکاڵی تێدا بەکارناهێندرێن. زەویمان هەیە نزیکەی 15 ساڵە بە بەردەوامی دەکرێتە گەنم، ئەمە کارێکی نادروست و نازانستییە. ئەمە وا دەکات زەوییەکان پیتی خۆیان لە دەست بدەن".

گۆڕانی ئاووهەوا، بە بیابانبوون و بێفەڕبوونی خاک، هەڕەشەیەکی جددین لەسەر هەسارەی زەوی. ئێستا سەدا 52ـی زەویە کشتوکاڵییەکان لە جیهان بە جۆرێک لە جۆرەکان تێکچوون و ڕۆژانە بە بیابان بوون لەو زەویە کشتوکاڵییانەی سەردەمانێک بەپیت بوون؛ زیاد دەکەن

.

Fly Erbil Advertisment