دوای دوو ساڵ، سەدر جووڵە سیاسییەکانی دەست پێ کردووەتەوە

دوای دوو ساڵ لە شکستی هەوڵەکەی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە بەبێ ڕکابەرە شیعەکانی، جارێکی دیکە سەدر لە ڕێگەی چەند هەڵوێست و لێدوانێکەوە ئاماژە بە گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسیی عێراق دەدات.
چاودێران چەند هەنگاوێک وەک ڕێگەخۆشکەر بۆ گەڕانەوەی موقتەدا سەدر، سەرۆکی بزووتنەوەی نیشتمانیی شیعەکانی عێراق بۆ گۆڕەپانی سیاسی دەبینن.
لە دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە شکستی هەوڵەکانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەبێ ڕکابەرە شیعەکانی، دوایینیشیان نوێژی هەینی یەکگرتوو و دوا وتاری بۆ یادی کوژرانی باوکی، محەممەد سادق سەدر بوو، کە چەندین ڕەهەندی سیاسی هەڵگرتبوو.
ڕیاز حەسناوی، شرۆڤەکاری سیاسی نزیک لە بزووتنەوەی نیشتیمانی شیعەکانی سەدر، دەڵێت، "من لە چەند سەرچاوەیەکەوە زانیومە پێشنیاز بۆ سەدر کراوە ئەگەر بیەوێت بگەڕێتەوە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق، ئەوا بە گوێرەی 73 کورسییەکەی، پۆست و پلەی لە وەزارەتەکان پێ دەدرێت، بەڵام سەدر ئەوەی ڕەت کردووەتەوە".
کەسانی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی دووبارە گەڕانەوەی بزووتنەوەی نیشتمانیی شیعە بە سەرۆکایەتیی سەدر بۆ نێو پرۆسەی سیاسی بە "ئەرێنی" وەسف دەکەن. دەشڵێن، هەر حزب و لایەنێکی سیاسی کاریگەری خۆی لە سەر جەماوەری عێراقیدا هەیە.
د. محەممەد عەبدەلی، شرۆڤەکاری سیاسی نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی دەڵێت، "بەدڵنیاییەوە کەس ناتوانێت نکۆڵی لە قەبارە و کاریگەریی موقتەدا سەدر و بزووتنەوەکەی لە گۆڕەپانی سیاسی عێراقدا بکات. نەبوونی سەدر و بزووتنەوەکەی لە حکوومەتدا بۆشاییەکی گەورەیە و بەئاسانی پڕ نابێتەوە. وەک ئێستاکە دەبینن چاودێریی بۆ سەر کاروبارەکانی حکوومەت لاوازە ئەوەش بۆ نەبوونی حزبەکەی سەدر دەگەڕێتەوە، بەڕاستی ئەو گەڕانەوەیە زۆر گرنگە و هاوسەنگیی بۆ پرۆسەی سیاسی عێراق دەگەڕێنێتەوە".
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەگەری گەڕانەوەی پلان بۆ داڕێژراوی سەدر لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا، کاریگەری لەسەر پەلهاوێشتنی ڕکابەرە شیعییەکانی دەبێت، بەتایبەتی هەندێک لایەن و گرووپی چەکدار، کە ئێستا لەدەرەوەی چوارچێوەی هەماهەنگیدا دەستیان بەسەر بەشێک لە جومگەکانی دەسەڵاتدا گرتووە.