ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک کەوتەوە؛ زیاتر لە 100 دووکان سووتاون

دیمەنی چەند دووکانێکی بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە (وێنە: دیلان بەرزان - کوردستان24)
دیمەنی چەند دووکانێکی بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک دوای کەوتنەوەی ئاگرەکە (وێنە: دیلان بەرزان - کوردستان24)

ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک کەوتەوە و زیاتر لە 100 دووكان سووتاون. دووکاندارەکان گومانیان لە ئاگرەکەوتنەکە هەیە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-05-2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی کۆنی کەرکووک کەوتەوە و دوای زیاتر لە دوو کاتژمێر توانرا لە لایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنترۆڵ بکرێت.

دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک ڕایگەیاند، بە گوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، زیاتر لە 100 دووكان و کۆگا بە تەواوی سووتاون و زیان بە دەیان دووکانی دیکە گەیشتووە.

ئەو دووکانانەی سووتاون، تایبەت بوون بە فرۆشتنی جلوبەرگی منداڵ و ئافرەتان. یەکێک لە دووکاندارەکان کە قسەی بۆ پەیامنێری کوردستان24 کرد، گوتی، "ئەو کەلوپەلانەی بەهۆی ئاگرەکەوە زیانیان پێگەیشتووە و بە تەواوی نەسووتاون، بە کەڵکی ئەوە نایەن بیانفرۆشین و دەبێت فڕێیان بدەین".

 

 

لەبارەی هۆی کەوتنەوەی ئاگرەکە، دووکاندارەکە ئەوەی خستە ڕوو، "دەڵێن بەهۆی شۆرتی کارەباوە بووە، بەڵام پێمان وانییە بەهۆی کارەباوە بووبێت، چونکە ئەو کاتەی کەوتووەتەوە، پاسەوانی بازاڕەکە کارەباکەی کواژندبووەوە. پێمان وایە دەستێکی لە پشتە. لەوانەیە لە ئاسمانەوە شتێکیان بەردابێتە خوارەوە و بازاڕەکەیان سووتاندبێت".

بازاڕی قەیسەری، یەکێکە لە کۆنترین بازاڕەکانی کەرکووک و زیاتر لە 375 دووکان پێک دێت. شەش ساڵ پێش ئێستا و لە ساڵی 2018ـیش ئاگر لە بازاڕەکە کەوتبووەوە؛ ئەو کات سەدا 75ـی دووکانەکان سووتابوون.

 

Fly Erbil Advertisment