تەمەنی کۆمیسیۆنی هەڵبژادنەکانی عێراق بۆ شەش مانگ درێژ کرایەوە

پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 167 پەرلەمانتار کۆبوونەوەی ژمارەی 26ی خولی پێنجەمی وەرزی یەکەمی سێیەم ساڵی یاسادانانی بەست و تەمەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی بۆ شەش مانگ درێژ کردەوە.
کاتژمێر یەکی دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە پەرلەمانی عێراق لە دوای دەست پێکردنی کۆبوونەوەی ئاسایی پرۆژە یاسای دووەم هەمواری یاسای ژمارە 31ی دەرچووی ساڵی 2019ی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی خستە دەنگدان و بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.
پێشتر فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی پەرلەمانی عێراق کارنامەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بڵاو کردبووەوە، کە دەنگ لەسەر پێشنیازی هەمواریی دووەمی یاسای كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەدرێت بۆ ئەوەی تەمەنی کۆمیسیۆنەکە بۆ شەش مانگی دیكە درێژ بكرێتەوە.
بەگوێرەی یاسا، 7ی تەمموزی ئەمساڵ، تەمەنی کارکردنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆتایی پێ دەهات، بەڵام بەر لەو کاتە پەرلەمانی عێراق تەمەنی کۆمیسیۆنەکەی درێژ کردەوە.