کۆمپانیاکان دەیانەوێت سوود لە توانای کارمەندە ناوخۆییەکان وەربگرن

K24 – هەولێر:
لە هەرێمی کوردستان کار لەسەر ئەوە دەکرێت زۆرترین پشتبەستنی کەرتی تایبەت بە کرێکار و کارمەندی ناوخۆیی بێت، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی هەرێم بڕیارێکی تایبەتی دەرکردووە و ئێستا زۆرێک لە کۆمپانیا و دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت پابەندی بڕیارەکە بوون.
یەکێک لە هەوڵەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و زیادکردنی دەستی کاری ناوخۆییە، بەڵام هەندێک جۆری کار لە هەرێمی کوردستان هەیە نوێن و بەشی پێویست کارمەندی بە ئەزموون لەو بوارەدا دەست ناکەوێت.
بۆتان سەید ئەحمەد بەرزنجی، کارمەندی بانک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ڕاستیدا پۆستە جیاوازەکان لە کارکردندا پێویستی بە بڕوانامەی نێودەوڵەتی هەیە، ئەو بەشەی من تێیدام پێویستە چەند بڕوانامەیەکت هەبێت ئینجا دەتوانی بەڕێوەی ببەی.
ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاری 172ـی دەرکردووە، بەپێی ئەو بڕیارە دەبێت کارگە و کۆمپانیا و شوێنەبازرگانییەکان، 75%ـی کارمەندەکانیان نێوخۆیی بن، بەپێی پێویست کارمەندە بیانییەکان 25% زیاتر نەبن .
ئەحمەد عەبدولخالق، بەرێوەبەری بانک، بە کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ تەواوبوونی گرێبەستی کارمەندە بیانییەکان هەوڵی وەرگرتنی دەستی کاری نێوخۆی دەدەین .
زیاتر لە 30 هەزار کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان لە چەندین بواری جیاوازدا کار دەکەن، دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکەش، دەستی کاری نێوخۆی زیادی کردووە.
لای خۆیەوە، مەریوان باکۆک، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی دەڵێت: بڕیاری 172ـی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دەستی کاری ناوخۆیی ماوەی ساڵێکە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرجەم کۆمپانیاکان ئاگادار کراونەتەوە کە دەبێت 75%ـی کارمەند و کرێکارەکانیان ناوخۆیی بن.
بریاری 172 بۆ دیاریکردنی رێژەی کرێکارانی بیانی و خۆماڵی وەک بڕیارێکی نیشتیمانی لەلایەن هاووڵاتییانەوە سەیر دەکرێت و دەبێتە هۆی بووژانەوەی ئابووری و کەمکردنەوەی رێژەی بێکاریی لەهەرێمی کوردستان.