دوو پرۆژەی دیکە لە داواکارییەکانی دانیشتووانی کفری جێبەجێ کران

حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو داواکاری سەرەکیی دیكەی خۆپیشاندەرانی شاری کفری جێبەجێ دەکات کە هەردووکیان دوو ڕێگەی سەرەکیی و شا دەماری بەستەنەوەی کفرین بە گەرمیان و بە شارەکانی دیکەی عێراق.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێ کردنی بەڵێنەکان و پرۆژە خزمەتگوزارییەکان لە دەڤەری کفری بەردەوامە و لە هەنگاوێکی دیکەی بە جێگەیاندنی بەڵێنەکان، دوو پرۆژەی گرنگ و ستراتیجیی جێبەجێ دەکات، یەکێکیان قیرتاوکردنی ڕێگەی دێلێژە – گەرمیانە کە کارئاسانی بۆ هاتووچۆی نێوان گەرمیان و کوێستان دەکات و ڕێگەی گەیشتن بە سلێمانی کورت دەکاتەوە.

پرۆژەی دووەمیش دانانی بەردی بناغەی ڕێگەی قەرەبڵاغ - دوانزە ئیمامە کە خزمەتی زیاتر لە 12 گوند دەکات لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ڕێگەی گەیشتن بە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق نزیکتر دەکاتەوە.

لە بارەی پرۆژەکان و جێبەجێ کردنی بەڵێنەکان، دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێ "ئەم دوو پرۆژەیە لەو پرۆژانەن کە بەڵێنمان بە خۆپیشاندەرانی کفری دابوو، پرۆژەی یەکەمەیان قیرتاوکردنی ڕیگەی دێلێژەیە و تاوەکوو ئێستا %20ی جێبەجێ کراوە، جیا لەمەش بەردی بناغەی پرۆژەیەکی دیکەی گرنگمان لە سنوورەکە دانا ئەویش ڕێگەی دوانزە ئیمام - قەرەبڵاغە".

پرۆژەی ڕێگەی قەرەبڵاغ بە گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار و 300 ملیۆن دینارە لە ماوەی 400 ڕۆژ تەواو دەکرێت، ئەم پرۆژەیە داواکارییەکی دیکەی خۆپیشاندەرانی کفریە و مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڵێنی جێبەجێکردنی پێ دابوون.

دەربارەی پرۆژە نوێیەکەی کفری، سائر عەلی قایمقامی کفری دەڵێ "بە تەواوکردنی ئەم پرۆژەیە ئاراستەی هاتووچۆی هاووڵاتییان و بازرگانیش بەرەو کفری – کەرکووک یان بەرەو کفری – مووسڵ ئاسانتر دەبێت و خەڵک زیاتر لەم ڕێگەیە سوودمەند دەبن، هەربۆیە بە گشتیی پرۆژەیەکی گرنگە".

دروستکردنی ڕێگەی نێوان 12 ئیمام – قەرەبڵاغ
دروستکردنی ڕێگەی نێوان 12 ئیمام – قەرەبڵاغ

18ی ئابی 2023، مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیران لە وەڵامی داواکاریی خۆپیشاندەرانی کفری چەند بڕیارێکی دەرکرد و سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێڕییەکان و ڕاییکردنی کارەکانی خەڵکی کفری.

لە 28ی هەمان مانگدا، سەرۆکوەزیران فەرمانی پارەدارکردن و جێبەجێکردنی بۆ هەردوو پرۆژەی دروستکردن و قیرتاوکردنی ڕێگەی  12 ئیمام – قەرەبڵاغ لەگەڵ دروستکردنی رێگای دێلێژە – سەنگاو دەرکرد، کە بەشێک بوون لەو داواکارییانەی خۆپیشاندەرانی کفری لە مانگی تەممووزی  ساڵی ڕابردوو پێشکەشی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کردبوو.

هەروەها لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی دانیشتووانی شارۆچکەی کفری، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بڕی 64 ملیۆن دیناری بۆ کەرتەکانی تەندروستی. کاروباری کۆمەڵایەتی و وەرزشیی بۆ شاری کفری خەرج کرد.

لە قۆناغی یەکەمی جێبەجێکردنی داواکاریی و بەڵێنەکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم، فراوان کردنی پێشینەی شارەوانی کفری، زیادکردنی پێشینەی مانگانەی پەروەردەی کفری، تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی کفری و چەندین پرۆژەی دیکەی جێبەجێ کرد.

هەر لە سەر ڕاسپاردە و بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران، 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانەی کفری دابین کرا، لەگەڵ دابینکردنی سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەندروستی، هاوکات بۆ چارەکردنی کێشەی کەمئاویی دانیشتووانی کفری، بڕیاری دا بە خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ لێدانی پێنج بیری ئاو کە تێچووەکەی دەکاتە بڕی 80 ملیۆن دینار بۆ هەر بیرێک لەگەڵ تەرخانکردنی 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکی وەرزشی لەگەڵ پێداویستی و کەلوپەلی وەرزشی بۆ 24 تیپی وەرزشی کفری و دروستکردنی چەند کارگەیەکی دیکە.

یەکەم داواکاری دانیشتووانی کفری کە مەسرور بارزانی فەرمانی جێبەجێکردنیدا‎ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، بەمەش پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بەرزکرایەوە بۆ زیاتر خزمەتکردنی شارۆچکەکە.

هەروەها لە 31ـی تەمموزی 2023، کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران بینای چاکسازیی لە کفری دەکەنەوە و تەواوی پێداویستییەکانیشی دابین دەکەن

ڕاشیگەیاند، دەستیان کردووە بە ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی سەنتەری ئۆتیزم لە کفری.

Fly Erbil Advertisment