کشتوکاڵی هەولێر: بە بەراورد بە بوونی کارگەکانی ئالیک سازی، بەرهەمهێنانی "جۆ" کەمە

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی چەندان کارگەی ئالیک لە هەولێر، بابەتی هاوردەکردنی ئالیک لە هەموو وەرزێک ڕێ پێدراوە، چونکە بەرهەمی جۆ کەمە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، هیمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەرهەمی جۆ زیاتر بۆ ئالیکی ئاژەڵ بەکاردێت.

هێمن سەید موراد دەڵێت، "هەروەها بەرهەمی جۆ بۆ کارگەکانی ئالیک بۆ پیشەسازی کە کارگەی عەلەفەکان وەری دەگرن بەکاردەهێنرێت، هەروەها بەشێک لە خاوەن ئاژەڵەکان بەقەد پێداویستی خۆیان دای دەچێنن".

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "بە گشتی ئێمە هیچ گرفتێکمان نییە لە بەبازاڕکردنی جۆ، بە بەراورد وەکو گەنم نییە، ئەو ڕێژە زۆرەش داناچێنرێت کە جووتیار ناتوانێت بە بازاڕی بکات، هەروەها لە هەمان کاتدا ئەو خواستەی لە بازاڕ لەسەر گەنم هەیە، لەسەر بەرهەمی جۆ نییە".

دەشڵێت، "سەرەڕای هەبوونی چەندان کارگەی ئالیک لە هەولێر، بابەتی هاوردەکردنی ئالیک لە هەموو وەرزێک ڕێ پێدراوە، چونکە بەرهەمەکە کەمە و هیچ گرفتێک نابێت بۆ هاوردە کردن".

"ئیستە هەولێر بەراوردی بکەی بە شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و شارەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی عێراقی هیچ شارێک بەقەد هەولێر کارگەی ئالیکی ئاژەڵی نییە". هێمن سەید موراد وا دەڵێت.

Fly Erbil Advertisment