هێمن سەید موراد: بەرهەمی گەنمە شامی لە کوردستان گەیشتووەتە 300 هەزار تۆن

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی پاڵپشتیی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی کشتوکاڵ، بەرهەمی گەنمە شامی لەسەر ئاستی کوردستان گەیشتووەتە نزیکەی 300 هەزار تۆن.

دووشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەندێک لە جووتیارانی کوردستان، لەدوای دروێنەی گەنم، زەوی سەرلەنوێ دەکێڵنەوە و بە گەنمەشامی دەیچێنن.

بەگوتەی ئەو بەڕێوەبەرە، "بڕی بەرهەمی گەنمە شامی بە پێی خواستی ئەو جووتیارەیە کە دایدەچێنێت، دەگۆڕێت".

دەشڵێت، "لە ڕابردوودا زۆر بایەخ بەم بەرهەمە نەدەدرا، بەڵام ئێستە بەهۆی بایەخدانی کابینەی نۆیەم بە کەرتی کشتوکاڵ، جووتیاران لە هەوڵی بەرهەمهێنانی هەمووجۆرە بەرهەمێکن بۆ ئەوەی زیاتر بەرهەمی ناوخۆییمان هەبێت."

هێمن سەید موراد، ئاماژەی دا کە "لە هەولێر ڕووبەری داچێنراوی گەنمە شامی زەرد، 39 هەزار و 30 دۆنمە و بەرهەمی گەنمەشامی لە سنووری پارێزگای هەولێر 136 هەزار و 605 تۆنە. بەڵام بەرهەمی گەنمەشامی لەسەرانسەری هەرێمی کوردستان، 204 هەزار و 992 تۆنە، زیاتر بۆبەرهەمی پیشەسازی سوودی لێ دەبینرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پاڵپشتییەی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی کشتوکاڵ".

Fly Erbil Advertisment