محەمەد جومعە: بێکاریی و کێشە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاریی زۆربوونی خۆکوشتنە

محەمەد جومعە، چاڵاکوانی مەدەنی عێراقی
محەمەد جومعە، چاڵاکوانی مەدەنی عێراقی

 

چاڵاکوانێکی مەدەنی عێراقی پێی وایە پرسی خۆکوشتنی هاووڵاتییان لە عێراق بەهەند وەرنەگیراوە و کار بۆ چارەسەرکردنی ناکرێت، دەشڵێت، خەمۆکی لە عێراق هێندە زۆر بووە، وەک نەخۆشی ئەنفلەوەنزای لێهاتووە.

رۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024)، محەمەد جومعە، چاڵاکوانی مەدەنی عێراقی بۆ کوردستان24 گوتی، بێکاری و کێشەی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی خێزانی، گێچەڵکردن و نەبوونی یاسا ، بوونەتە هۆکاری زۆربوونی حاڵەتی خۆکوشتن، لەگەڵ ئەوەشدا بە شێوەیەکی دروست مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە ناکرێت، بۆیە ساڵ دوای ساڵ ڕێژەی خۆکوشتن زیاد دەکات.

محەمەد جومعە پێی وایە، حکوومەت لە زۆربوونی حاڵەتی خۆکوشتن بەرپرسیارە کە رێگریی لەو پرسە ناکات لەگەڵ لایەنە پەیوندیدارەکان، دەشڵێت، حکوومەت دان بەو ژمارەیە دانانێ کە هەیە، پێویستە چارەسەری بکەن، گوتی، کەمترین ئامرازمان نییە بۆ ڕێگریی لە خۆکوشتن، پێویستەکاری ڕژد بکرێت بۆ رێگریی لە خۆکوشتن، دەڵێت، دکتۆری دەروونی نییە بۆ ئەوانە نییە کە دەیانەوێت خۆیان بکوژن، گوتی، ئەو کەسانە دەبەنە بنکەی پۆلیس،  چونکەکۆمەڵگەی عێراقی پێی وایە ئەگەر کەسێک بچێتە دکتۆرێکی دەروونی شێتە، دەشڵێت، پێویستە هێلێکی گەرم هەبێت بۆ حاڵەتی پێویست و یارمەتیدانی خەڵک.

گوتی، خەمۆکی وەکو ئەنفلەوەنزای لێهاتووە لە عێراق، چونکە کاری ڕژدی لەسەر ناکەین و چارەسەری لەسەر ناکەین.

خۆکوشتن، ئەو حاڵەتەی ڕۆژانە لانی کەم جارێک یاخود زیاتر لە پارێزگاکانی عێراق دووبارە دەبێتەوە، پسپۆڕانیش هۆشداریی لە زۆربوونی حاڵەتەکانی دەدەن، بەجۆرێک نزیکەی لەوەی ببێتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.

تەنها لە یەک ڕۆژدا لە بەغدا، سێ حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە کە یەکێکیان فەرمانبەر بووە و لەناو دامەزراوەیەکی حکوومەتیدا خۆی کوشتووە.

هاوکات، دەزگا ئەمنییەکانی عێراق ئاشکرایان کردووە، لە کەمتر لە 48 کاتژمێردا چوار هەوڵی خۆکوشتن لە پارێزگاکانی باشووری عێراق هەبووە، کە سەرجەمیان پووچەڵ کراونەتەوە.

بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنها لەساڵی 2024دا زیاتر لە 280 حاڵەتی خۆکوشتن لە عێراقدا ڕوویان داوە. زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەکوژن فەرمانبەری حکوومەت یاخود خاوەنی کاری خۆیانن، تەمەنیشیان لەنێوان 25 بۆ 50 ساڵیدایە لە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ.

جۆرەکانی خۆکوشتن لە عێراق جیاوازن، هەندێکیان بە چەک دەکرێن، هەندێکیان خۆ خنکاندنن و بەشێکی دیکەشیان بەخواردنی دەرمان و ڕێگەکانی دیکە.

بەپێی پێگەی کێنتری کاستی نێودەوڵەتی، عێراق پلەی 154 می بۆ بەرزیی ڕێژەی خۆکوژی وەرگرتووە، بەجۆرێک لە کۆی هەر 100 هەزار کەسێک سێ کەس خۆیان دەکوژن.

Fly Erbil Advertisment