وردەکاریی بێبەشکردنی 197 کۆمپانیای عێراق لە دۆلار

K24 – هەولێر:
بانکی ناوەندیی عێراق 197 کۆمپانیای لە بەشداریکردن لە وەرگرتنی دۆلار قەدەغە دەکات و دێسکی ئابووریی کوردستان24ـیش لە بەدواداچوونێکدا، پشتڕاستی دەکاتەوە هیچ کۆمپانیایەکی هەرێمی کوردستان لەو لیستەی بانکی ناوەندیی عێراقدا نییە.
ڕۆژی دووشەممە (3ـی حوزەیرانی 2024) بانکی ناوەندیی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە ئاراستەی بانکەکان کراوە، 197 کۆمپانیای خستووەتەوەڕوو کە بێبەش دەبن لە کڕین و فرۆشتن بە دراوی بیانی لە نێویدا دۆلاری ئەمەریکی.
بە گوێرەی بەدواداچوونێکی دێسکی ئابووریی کوردستان24 لە سەرچاوەی جیاوازەوە، هەرچەندە لە نێو لیستی کۆمپانیا قەدەغەوەکراوەکان ناوی کوردی دەبینرێت، بەڵام هیچ کۆمپانیایەکی کوردستان لە نێو لیستی کۆمپانیا قەدەغەکراوەکاندا نییە، سەرجەم کۆمپانیاکان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقن.
لە هەمانکاتدا، کۆمپانیاکان ڕاستەوخۆ لە بانکی ناوەندیی عێراق دۆلاریان دەستنەکەوتووە، بەڵکو لە رێگەی بانکە تایبەتەکانەوە بەشداربوونە لە کڕین و فرۆشتنی دۆلار.
لەبارەی کەمبوونەوەی خستنەڕووی کاش لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە، پێشبینی دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوو خستنەڕووی کاش لە پەنجەرەی فرۆشتنی دراوی بیانی بانکی ناوەندیی عێراق بەهۆی هاتنی جەژن و زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران بەرزبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەمە (3ـی حوزەیرانی 2024) بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند، 276 ملیۆن و 147 هەزار و 870 دۆلاری خستووەتەڕوو، لەو بڕەشدا، 271 ملیۆن و 212 هەزار و 870 دۆلاری بەشێوەی حەواڵە بووە و بڕی چوار ملیۆن و 935 هەزار دیناری بەشێوەی کاش بووە، کە بەراورد بە ڕۆژی پێشوو، کە 20 ملیۆن و 510 هەزار بووە، بەشێوەی بەرچاو دابەزیوە.