وەزارەتی کشتوکاڵ: حکوومەتی عێراق بڕێکی کەم گەنمی جووتیارانی کوردستان وەردەگرێت

سایلۆکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کوردستان
سایلۆکانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە کوردستان

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆری جووتیارانی هەرێم، حکوومەتی عێراق 700 هەزار تۆن گەنم لە کوردستان وەردەگرێت.

سێشەممەی ئەمڕۆ، 4ـی حوزەیرانی 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕیژەی ئەو گەنمەی حکوومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، سەرەڕای ئەو هەموو سەردان و کۆبوونەوانە و چوونی شاندی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ بەغدا، تەنیا 700هەزار تۆن گەنم لە جووتیارانی کورد وەردەگرێت.

ئەو بریکاری وەزیرە ئاشکرای کرد، "ساڵی پار حکوومەتی عێراق 500 هەزار تۆن گەنمی لە جووتیارانی هەرێم وەرگرت، بۆ ئەمساڵ 700هەزار تۆن وەردەگرێت، واتە تەنیا 200هەزار تۆن گەنم زیاتر وەردەگرێت، لە دوای ئەو هەموو هەوڵ و کۆششەی جووتیاران، زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت".

کەریم سلێمان ڕاشیگەیاند، "لە دوای ئەو بڕیارە کە ئەمڕۆ وەزیری کشتوکاڵ لە کۆنگرەیەیکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایدەگەیەنێت، ڕاستەوخۆ سایلۆکان بەڕووی جووتیاراندا دەکرێتەوە و ئەو ڕێژەی دیاری کراوە لێیان وەردەگیرێت و بەسەر سایلۆکان دابەش دەکرێت، ئەوەشی دەمێنێتەوە دەزانین بڕێکی زۆرە، بەڵام کاریگەری ئەو تۆ دروست ناکات".

Fly Erbil Advertisment