شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ڕووسیا

K24 – هەولێر:
بۆ بەشداریی لە 27مین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری پیتەربورگ، شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە ڕووسیا.
ئەمڕۆ سێشەممە (4ـی حوزەیرانی 2024) شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پێک هاتووە لە کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و د. محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بۆ بەشداریی لە 27-مین کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی پیتەربورگ، گەیشتە ڕووسیا.
وا بڕیارە سبەینێ کۆڕبەندەکە بە ئامادەبوونی ڤلادمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا و چەندین بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە و بیانی، لە شاری پیتەربورگ دەست بەکارەکانی خۆی بکات و تاوەکوو 8ـی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
ڕووسیا بە فەرمی شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ کۆڕبەندەکە بانگهێشت کردووە، پێشتر ماریا زەخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، 12 هەزار کەس لەگەڵ نوێنەرانی 130 وڵاتی جیهان بەشدار دەبن.
کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووریی پیتەربورگ، گەورەترین ڕووداوی ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتییە و بە داڤۆسی ڕووسیا ناودەبرێت. ساڵی ڕابردوو بە بڕی 3.8 ترلیۆن ڕووبل گرێبەست مۆر کران.