لە پێشانگەیەکی هاوبەش دەستڕەنگینی ئافرەتانی موکریان نمایش دەکرێ

سێ خانمی دەستڕەنگینی مەهابادی لە پێشانگەیەکی هاوبەشدا زیاتر لە 140 بەرهەمی هەمەجۆری هونەری نمایش دەکەن.
پێشانگەکە لە هۆڵی تەلاری وەحدەتی مەهاباد کراوەتەوەو بۆ پێنج ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هەر سێ خانمە هونەرمەندەکە زیاتر لە 100 بەرهەمی دەستی، 9 تابلۆی شێوەکاریی سیاقەڵەم و 39 بەرهەمی سیرامیکیان نمایش کردووە.
نەسرین ئاسیابانی کە 42 ساڵە سەرقاڵی چنینی بەڕە و گڵێمی کوردەوارییە، بە هاوکاریی دوو کچە هونەرمەندی لاوی مەهابادی ئەم پێشانگەیەی کردووەتەوە.
هونەری گڵێم چنین لە ناوچەی موکریان لانیکەم 250 ساڵی تەمەنە و زۆرینەی هونەرمەندانی ئەم بوارەش ئافرەتن.

لە پێشانگەکەدا زیاتر لە 100 بەرهەمی گڵێم بە قەبارەی گەورە و بچووکی دیواری و سەرمێز و جانتای جەرمی نمایشکراون.
نەسرین ئاسیابانی هونەرمەند دەڵێ "بە هاوکاری خانمانی هونەرمەند، ئێمەش چەند بەرهەمێکی کولتووریمان لێرە نمایشکردووە کە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری خانمان و پیاوانەوە پێشوازی لێکراوە، خۆم 42 ساڵە بە کاری هونەرییەوە سەرقاڵم".

هاوشانی هونەرە دەستییەکەی نەسرین کە ڕیشەی لە مێژووی کورد و ژیانی خەڵکی کوردستاندایە، بەرهەمی هونەری وێنایی دوو ئافرەتی لاویش لەم پێشانگایەدا نمایش کراون. 9 تابلۆی شێوەکاری کە پۆرترێتی ڕوخساری مرۆڤ و چەند ئاژەڵێکیان لەخۆ گرتووە و بە شێوازی سیاقەلەم بەرهەم هاتوون لەگەڵ 39 بەرهەمی سیرامیک بۆ ڕازاندنەوەی دیواری ماڵەکان بەرهەمی کاری ئەو دوو ئافەرەتە هونەرمەندەن.
سومەییە ڕەنگین دەڵێ "بەشێکی بەرهەمە هونەرییەکانمان سیاقەڵەم، چنینی گڵێم و سیرامیک و چەند بەرهەمێکی دیکەیە و بە خۆشحاڵییەوە خانمانی ناوچەی موکریان هۆگرییەکی تایبەتیان بۆ کارە هونەرییەکان هەیە و پشتیوانی هاووڵاتییانیش لە کارو چالاکییەکانمان زیاتر هاندەرن و جێگەی دڵخۆشییە".

هەر لە بارەی پێشانگەکە شیوا ئەحمەدی هونەرمەند دەڵێ "ئەو کارە هونەرییانەی ئێمە کردوومانە، بەرهەمی کارە دەستییەکان و پەیکەرسازییە و هیوادارم هاووڵاتییان بە سەردانیکردنی پێشانگەکە هاندەر و پشتیوانیمان بکەن".
ئەم پێشانگایە جیا لە پێشاندانی لایەنی هونەریی بەرهەمی ئەم سێ ئافرەتە، دەرفەتێکیشە بۆ بەبازاڕکردنی بەرهەمە هونەرییەکانیان کە هەموویان بۆ ڕازاندنەوەی ناوماڵ بەکار دێن. بەم شێوەیەش لە دۆخی خراپی ئابوریی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هونەری ئەم ئافرەتانە دەتوانێ بۆیان ببێتە سەرچاوەی داهات.