وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان: بە باشترین شێوە پێشوازی لە زیارەتکارانی شیعە دەکەین

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەخت لەوە دەکاتەوە، ئەمساڵ بە باشترین شێوە پێشوازی لە لە زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دەکەن. دووپاتیشی دەکاتەوە، "ناچارکردنی ئاوارەکان بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ".

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی، گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان، پێشوازیی لە زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن و تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت؛ وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

گەڕانەوەی ئاوارەکان و داخستنی کەمپەکان

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بڕیارێکی دەکردووە کە دەبێت تاوەکوو 30ـی حوزەیرانی ئەمساڵ هەموو کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن و ئاوەرەکانیش کە ژمارەیان نزیکەی یەک ملیۆن کەسە، بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان. بڕیارەکە ئاوارەکانی دڵگران  کردووە و دەڵێن، ماڵ و حاڵیان لەلایەن هێزە نافەرمییەکانەوە تێک دراوە و داگیر کراوە، بۆیە نایانەوێت بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە، "ناچارکردنی ئاوارەکان بە گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان، پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و داب و نەریتەکانە".

رێبەر ئەحمەد ئاماژەی بەوەش کرد، "هەوڵ دەدەین ئەم بڕیارە ڕاست بکەینەوە و هەماهەنگی هەبێت لەنێوان دامودەزگاکانی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان".  

پێشوازیی لە زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن

مەراسیمی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن هەموو ساڵێک لە 20ـی مانگی سەفەر (مانگی سەفەر بەپێی رۆژژمێری هیجری لە دوای مانگی موحەرەمەوە دێت) لە عێراق و چەند وڵاتێکی دیکە بەڕێوەدەچێت. ساڵی ڕابردوو، لە ماوەی 40 رۆژی ماتەمینیی کوژرانی ئیمام حوسێندا، زیاتر لە 22 ملیۆن زیارەتکاری بیانی و نێوخۆیی سەردانی کەربەلایان کرد.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ پارێزگارانی ورمێ، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆوانی هەرێمی کوردستان دەبێت کە لەگەڵ ئەو سێ پارێزگایە هاوسنوورن و "لەبارەی باشترکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە خاڵە سنوورییەکان، هاتوچۆی هاووڵاتییان و هاتنی زیارەتکارانی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن گفتوگۆ دەکەین".

وەکو ئەوەی رێبەر ئەحمەد باسی کرد، بە گوێرەی ڕێنماییەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ "پێویستە ئەمساڵ بە شێوەیەکی باشتر پێشوازی لە زیارەتکاران بکرێت، ژمارەکە دیار نییە چەند کەس دێن و ئێمەش دەستنیشانی ناکەین. چەند کەس ئارەزووی ئەوەیان هەبێت بە خاکی هەرێمی کوردستاندا بچنە هەردوو شاری نەجەف و کەربەلا، ئێمە لە خزمەتیاندا دەبین، هاوکاریی و ئاسانکارییان بۆ دەکەین".

 وەزیری ناوخۆ ئاماژەی بەوەش کرد، هەر ئەمڕۆ پارێزگارانی ورمێ، سنە و کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیان دەبێت.

تۆمارکردنی چەکی بێ مۆڵەت

لە چەند ساڵی رابردوودا چەک لەلای هاووڵاتییان هەبوو بەڵام تۆمار نەکرابوو، بە پرۆسەیەکی ورد و یاسایی  لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەکە بێ مۆڵەتەکان تۆمارکران. ئێستا زیاتر لە 17 هەزار پارچە چەک تۆمارکراون و بە گوێرەی ئامارەکانی بەرێوبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێمی کوردستان، "تۆمارکردنی چەک کاریگەری هەبووە لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی تاوانەکان".

بە گوتەی وەزیری ناوخۆ، "دامەزراوەکانی حکوومەت زۆر جیددین لە کەمکردنەوەی ژمارەی تاوانەکان و جێبەجێکردنی یاسای هەڵگرتنی چەک. پۆلیس و ‌هێزەکانی ئاسایش ڕۆژانە دەست بەسەر چەکی بێ مۆڵەتدا دەگرن. خۆشبەختانە هاووڵاتییانیش لەگەڵ ئێمە هاوکاربوونە و ژمارەیەکی زۆریان چەکە بێ مۆڵەتەکانیان تۆمارکردووە".

 

Fly Erbil Advertisment