وادەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان ڕاگەیەندرا

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان وادەی دابەشکردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانبەران ئاشکرا دەکات.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "پێش جەژنی قوربان، مووچەی هێزە ئەمنییەکان و سەرجەم فەرمانبەران دابەش دەکرێت و لەبارەی کێشەی هێزە ئەمنییەکان چارەسەری کۆتایی نزیکە".
ئەم ڕوونکردنەوەیەی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 06-06-2024، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، گوژمی یەکەمی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی درایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا خەرجکردنی مووچەی مانگی ئایار (پێنج)ـی (کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، فەرمانبەرانی خانەنشینی مەدەنی و سەربازیی، شەهیدان و کاروباری ئەنفال، گرێبەستەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان)ـی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
وا بڕیاریشە هەفتەی داهاتوو شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی ڕیشەیی کێشەی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق کۆ ببێتەوە.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.