فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر تاکە فڕۆکەخانەی هەرێم و عێراقە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ ئەورووپا هەیە

K24 – هەولێر:
تەنیا لە ساڵی 2023، دوو ملیۆن و 84 هەزار گەشتیار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر هاتووچۆیان کردووە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی 2022، نزیکەی 384 هەزار گەشتیاری زیاترە. ئێستاش ڕۆژانە نزیکەی 100 گەشتی ئاسمانی دەکرێت و تاکە فڕۆکەخانەی عێراقە، گەشتی ئاسمانی ڕاستەوخۆی بۆ ئەورووپا هەیە.
6ـی حوزەیرانی 2024، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ڕایگەیاند: ساڵی ڕابردوو، دوو ملیۆن و 84 هەزار گەشتیار لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە هاتووچۆیان کردووە. هەروەها لە 179 وڵاتی جیهاندا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی ICAO،کە ڕێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ هەڵسەنگاندنی جۆریی فڕۆکەخانەکان، نمرەی 80 بەرەو سەرەوەی هێنا."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: "عێراق لەڕووی ئاسایشەوە ناوچەی سوورە، بۆیە کۆمەڵێک کۆتوبەندی زۆری ئاسمانی بەسەردا دەسەپێت، بەڵام سەرکەوتنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بایەخی زۆری بۆ هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەبووە و وای کرد ئاستی فڕۆکەوانی عێراقیش لەم ڕووەوە بچێتە سەرەوە".
ئەمەش لە کاتێکدایە، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەسەر ئاستی عێراق، تاکە فڕۆکەخانەیە کە گەشتی ڕاستەوخۆی بۆ وڵاتانی ئەورووپا هەیە.
پێشتریش ئەحمەد هۆشیار، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: کارگۆی نوێی فڕۆکەخانەکە لە ساڵی 2021 دەست بە دروستکردنی کراوە، لەسەر ڕووبەری 24 هەزار مەتر دووجا بە شێوەی ستانداردی نێودەوڵەتی بنیات دەنرێت، 85%ـی کارەکانی تەواوبووە، ئەمساڵ یان لە سەرەتای ساڵی داهاتوو بە ڕووی بازرگانان دەکرێتەوە.
هەر بە گوێرەی ئامارەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، قەبارەی مانگانەی کارگۆ لە فڕۆکەخانەکە دوو هەزار تۆنە، بە تەواوبوونی کارگۆ نوێیەکە، قەبارەی مانگانەی کارگۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەگاتە چوار هەزار تۆن.
هەروەها بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر باسی لەوەش کردووە: بەراورد بە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق، لە گشت کەرتەکاندا فڕۆکەخانەی هەولێر یەکەمە، هاوکات ڕوونی کردەوە، هێڵە ئاسمانییە ئەورووپییەکان تەنیا گەشت لە فڕۆکەخانەی هەولێر وەردەگرن لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق وەرناگرن، ئەمەش بەهۆی پابەندبوونمان بە ستاندارد، یاسا و ڕێنماییە نێودەوڵتییەکان، کە فڕۆکەخانەکان لەسەر ئاستی هەموو جیهان کاری پێ دەکەن ئێمەش کاری پێ دەکەین.
ژمارەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، ڕۆژانە زیاتر لە 60 گەشتی چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەکرێت، بەڵام ساڵانە لە دوای 20ـی ئایارەوە ژمارەی گەشتی ڕۆژانە بۆ زیاتر لە 100 گەشت بەرز دەبێتەوە.
لەبارەی وەرگرتنەوەی جانتا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، دوو شوێن هەیە بۆ وەرگرتنەوەی جانتا لە فڕۆکەخانەکە، لە کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ شوێنێکی دیکەی دادەنرێت لەنێو تێرمیناڵی فڕۆکەخانە کە جێگەی 360 جانتای دەبێتەوە لە کاتژمێرێکدا، ئەمەش کار ئاسانییەکی زۆر بۆ گەشتیار دەکات و وادەکات کۆتا جانتا بە 27 خولەک بگاتە دەستی گەشتیار.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ساڵی 2005ـەوە کراوەتەوە، یەکێکە لە پڕ جوڵەترین فڕۆکەخانەکانی ناوچەکە، فڕگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە چوار هەزار و 800 مەتر، هەشتەمین دریژترین باندی فڕگەیە لە جیهاندا.