بەرگریی شارستانیی هەولێر: زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکان بەهۆی سووتانی پوش و پەڵاشەوە بووە

تیمەکانی بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاگرێکیان لە دەوروبەری بەشە ناوخۆیی شەوکەوت شێخ یەزدین کۆنترۆڵ کرد و ڕێگرییان کرد لەوەی ئاگرەکە بپەڕێتەوە نێو بەشە ناوخۆییەکە و زیانی گەورەی لێ بکەوێتەوە.

شاخەوان سەعید ساڵح گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند،  10 تیمی بەرگری شارستانی لە یەک کاتژمێردا توانیویان ئەو ئاگرەی نزیک کەمپی بەشە ناوخۆیی شەوکەت شێخ یەزدین بۆ قوتابیانی زانکۆی سەلاحەددین، کۆنترۆڵ بکەن.

گوتیشی بەهۆی خێرایی باوە ئاگرەکە بە پەلە تەشەنەی کردووە و نزیکەی  دۆنم500 پاوان لە پوش و پەڵاشی دەوروبەری بەشە ناوخۆییەکە سووتاوە، بەڵام هیچ زیانێکی بۆ بەشەکە نەبووە.

گوتیشی: زۆربەی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ بەهۆی پوش و پەڵاشەوەبوون.

بەگوێرەی ئامارێکی بەرگریی شارستانیی هەولێر لە پێنج مانگی ڕابردووی ئەمساڵدا 407 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمارکراوە کە 150 حاڵەتیان سووتانی ماڵان و 94 حاڵەتی سووتانی ئۆتۆمبێل بووە.

هەر بەگوێرەی ئامارەکان، مانگی چواری ئەمساڵ 104 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراوە کە زۆرترین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە بووە لە سنووری هەولێر لە پێنج مانگی ڕابردوودا.

Fly Erbil Advertisment