هاککەرێکی دامەزراوەکانی حکوومەتی ئێران دەستگیر کرا

داواکاری گشتیی پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی هاککەرێکی سەر سیستەمەکانی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانی ڕاگەیاند.
عەبدولوەهاب بەخشندە، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان لە داواکاری گشتیی ئیلام بەئاژانسی ئیرنای ڕاگەیاندووە، بە هاوکاریی کۆمەڵەی هەواڵگریی سوپای پاسدارانی ئیلام و چەند بەڵگەنامەیەک، توانراوە لە شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای ئیلام شوێنی هاککەرێک بخەنە ژێر چاودێری و دواتر دەستگیری بکەن.
هەروەها ئاماژەی داوە، لەگەڵ دەستگیرکردنی ئەو هاککەرە، دەست بەسەر تەواوی کەلوپەلەکانیشیدا گیراوە، دەرکەوتووە لەگەڵ چەند گرووپێکی هاککەری نێودەوڵەتی پەیوەندیی هەبووە و کاریان کردووە و چەند جارێک هێرشی ئەلیکترۆنیان کردووەتە سەر ژێرخانی سیستەمی ئەلیکترۆنی دامەزراوەکانی حکوومەت.
بەگوێرە دانپێدانانە سەرەتاییەکان، هاککەرە دەستگیرکراوەکە دانی بە دامەزراندنی چەند گرووپێکی هاککەری لە ناوخۆی ئێران ناوە، ئیتلاعات و هەواڵگریی سوپای پاسدارانیش ڕایانگەیاندووە، تەواوی گرووپەکانیان خستووەتە ژێر چاودێری و بە تاوانی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵات و دزە پێکردنی زانیارییە فەرمییەکان بڕیاری دەستگیرکردنیان هەیە.